کۆمەڵێ لە چالاکوانانی مەدەنی لە درێژەی هه‌وڵ و تێکۆشانییان کەمپەینێکییان بۆ ڕزگارکردنی گیانی “سۆغرا خەلیلزادە” کە مەحکوومکراوە بە قەساس وەڕێخستووه‌. ئامانجی ئەم کەمپەینە، کۆکردنی پارەی دیەی داواکراوی بنەماڵەی ئەو کەسە کە کوژراوە و وەرگرتنی ڕەزایەتە.

یەکێک لە ئەندامانی ئەو کەمپەینە بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندووە کە سوغرا خەلیلیزادە لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٣ی زاینییه‌ و خەڵکی ئاوایی بێسارانە لە دەڤەری شاری سەروئاوا لە رێکەوتی ١٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١ بە تاوانی کوشتن دەستبەسەر کرا. ئەو لە ساڵی ١٣٩٤ بە قەساس مەحکووم بوو.

سەرچاوەی ناوبراو لە درێژەدا ڕاشیگەیاند، ئەو ژنە لەگەڵ منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵان کە لە زینداندا لە دایک بووە لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندی سنەدا ڕاگیراوە. بنەماڵەی کوژراوەکە وتوویانە ئەگەر لەباتی ٣٠٠ (سێسەد) ملیۆن تمەن پارە لە بەرێوەچوونی حوکمەکە پاشگەز دەبنەوە”.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە کۆتاییدا ئەوەی وت کە تاکوو ئێستا نزیک بە ١٠٠ میلۆن تمەن کۆ کراوەتەوە. بەڕێوبەرانی ئەو کەمپەینە هیوادارن لە ماوەی یەک مانگ هەتا بەڕیوەچونی ئەو سزایە، ئەو پارە داواکراوە کۆ ببێتەوە.