بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەمە (١١ی مارس) موعین سەلاوەرزی‌زاده، ٥٨ ساڵان و خەڵکی گوندی «حەفتەچشمە»ی شاری ئاودانانی ئیلام، دوای ٣٢ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» لە زیندانی ناوەندیی ئیلام لە سێدارە درا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوییەوە (١٩٩١) بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی براکەی خۆی دەستبەسەر کرا و لە لایەن دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئیلامەوە سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچوو. ئەم سزایە دوای ماوەیەک لە لقی ٢٦ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرا.

ساڵی ١٣٩٢ (٢٠١٣) دوای قبووڵکردنی داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ئەم بەندکراوە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێران و دیسانەوە حوکمی دادگای یەکەم پەسەند کرایەوە.

موعین سەلاوەرزی‌زاده لە ٣٢ ساڵی ڕابردوودا لە زیندانەکانی دەڕەشاری ئیلام و زیندانی ناوەندیی ئیلام بەند کرابوو.