بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەمە (١١ی مارس) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی مەنسوور مەنسووری کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کراوە.

پێشتر تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە هاوکات زیندانییەکی تریش بە ناوی موعین سەلاوەرزی‌زادە هەر لەم زیندانەدا لە سێدارە دراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «مەنسوور مەنسووری، ٤٤ ساڵان، زگورت و خەڵکی شاری سەراوڵەی ئیلام، لە نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوپێشەوە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، مەنسوور مەنسووری پێشتریش لەبەر بەزاندنی سنوور لە وڵاتی ئێراق دەستبەسەر کرابوو:

«مەنسوور چەندین ساڵ لەمەوپێش دەیویست بڕواتە ناو یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانەوە، بەڵام بە هۆی بەزاندنی سنوورەوە لە سەرسنوور دەستبەسەر کرا و نزیکەی ٦ مانگ لە زیندانێکی ئەو وڵاتەدا بەند کرا».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «دامودەزگا ئەمنییەکان ئاگایان لە چالاکییە سیاسییەکانی مەنسوور هەبوو و دەیانزانی کە دەیەوێ بڕواتە ناو حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانەوە، هەر بۆیە کاتێک کە بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەر کرا، دامودەزگا ئەمنییەکان گوشاریان خستە سەر بنەماڵەی کوژراوەکە بۆ ئەوەی ڕەزایەتی پێ نەدەن و لە پرۆسەیەکی زۆر خێرادا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووو و هەر خێرایش سزاکە جێبەجێ کرا».