لقی ٣٨ی دیوانی باڵای ئێران داوای سەرلەنوێ داگاییکردنەوەی حه‌وت به‌ندكراوی کوردی مەزهەبی مەحکووم بە ئێعدامی به ناوه‌كانی «ئەنوه‌ر خزری»، «کامران شێخه»، «خۆ‌سر‌و به‌شاره‌ت»، «داوود عه‌بدوڵڵاهی»، «فه‌رهاد سه‌لیمی»، «قاسم ئابەستە» و «ئه‌یوب که‌ریمی» ڕەت کردەوە، ئەمەش بۆتە هۆی قووڵبوونەوەی نیگەرانییەکان بەرانبەر بە ئەگەری لەسێدارەدانی خێرای ئەم بەندکراوانە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییانە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەرمانان لقی ٣٨ی دیوانی باڵای ئێران داوای سەرلەنوێ داگاییکردنەوەی ئەم زیندانییە مەحکووم بە ئێعدامانەی ڕەت کردۆتەوە».
پێشتر و لە ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ١٤ی به‌فرانباری ١٣٩٨دا لقی ٤١یی دیوانی باڵای ئێران حوکمی لەسێدارەدانی ئەم حەوت بەندکراوەی په‌سه‌ند كردبوو و به شێوه‌ی فه‌رمی به پارێزه‌كه‌یانی، مه‌حموود عه‌لیزاده‌ی ته‌باته‌بایی، ڕاگه‌یاندبوو.
ئه‌م به‌ندكراوانه جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٩٧ به تۆمه‌تی «ئێفساد لە سه‌رزه‌وی»، له لایه‌ن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانه‌وه به سه‌رۆكایه‌تیی دادوەر سه‌ڵەواتی، سزای ئێعدام‌یان به‌سه‌ردا سه‌پابوو و دوای تۆمارکردنی فەرمیی ناڕەزایه‌تی بەرانبەر بەو حوکمە لە لایەن پارێزه‌رەکەوه، دۆسیه‌كه نێردرایه لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران. پەسندکردنی ئه‌م حوکمە له حاڵێكدایە كه پێشتر هەر ئه‌م لقه‌ی دیوانی باڵای ئێران لەبەر كه‌مبوونی به‌ڵگه بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان، ئەو حوكمی ئێعدامەی پووچەڵ کردبۆوە کە له جۆزه‌ردانی ١٣٩٥دا لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بەسەریدا سەپاندبوون و دوسیه‌كه ئه‌م جاره نێردرایه لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران.
به وته‌ی سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان له دۆسیەی ئه‌م حه‌وت به‌ندكراوه کوردە سوننەمه‌زهه‌به، دادگای باڵای ئێران كه پێشتر به‌هۆی كه‌مبوونی دێكۆمێنته‌وه حوكمی ئێعدامی ئه‌م به‌ندكراوانه‌ی هەڵوەشاندبوویه‌وه، ئه‌م جاره له ژێر زه‌ختی ئێداره‌ی ئێتلاعاتی ورمێ و مه‌هاباددا حوكمی ئێعدامی هەر حه‌وتەکەیانی په‌سه‌ند كردووه.
به‌پێی ئه‌و ڕەنجنامانه‌ی بە درێژایی ئه‌م ساڵانه ئه‌نوه‌ر خزری و فه‌رهاد سه‌لیمی بڵاویان كردۆته‌وه، ئه‌م حوكمه ته‌نیا به پشتبەستن بە کۆمەڵێک دانپێدانانی زۆره‌ملێ و ئیجباریی چه‌ند كه‌سێکان كه له ژێر ئه‌شكەنجه‌ی زۆر قورس‌دا لێیان وه‌رگیراوه، ده‌رچووه و هیچ به‌ڵگەیەکی دیكە بۆ سەلماندنی تۆمه‌تەکانی نێو دۆسیه‌كه‌یاندا بوونی نییه.
ئه‌م به‌ندكراوه سوننەمه‌زهه‌بانه لە حاڵێکدا به تۆمه‌تی «موحارەبه و ئێفساد لەسەرزەوی» حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە کە له كاتی دادگاییكردندا هه‌موویان ئه‌م تۆمه‌تانه‌یان ڕەت كردۆته‌وه.
ئه‌نوه‌ر خزری، كامران شێخه و خۆ‌سر‌و به‌شاره‌ت له پووشپه‌ڕی ساڵی ڕابردوودا له لایه‌ن دادگای پێداچوونه‌وه‌ی ورمێوه و لە دۆسیه‌یه‌كی‌تردا به‌تۆمه‌تی «كوشتنی مه‌لایه‌كی سوننی به ناوی عه‌بدولڕه‌حیم تینا» موحاكمه كران و له ڕێكه‌وتی ١٧ی پوشپه‌ڕدا بانگ کرانە بەردەم بەشی ئیجرای ئه‌حكامی زیندانی ورمێ و حوكمە قەتعییەکەی ئه‌م دۆسیه‌شیان پێ ڕاگەیەنرا.
به‌پێی ئه‌م حوكمه، هەرکام لە ئه‌نوه‌ر خزری و خۆ‌سرهو به‌شاره‌ت به تۆمه‌تی «به‌شداری له كوشتندا» بە ده ساڵ زیندان و كامران شێخه به تۆمه‌تی «كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست» بە قه‌ساسی نه‌فس (ئێعدام) مه‌حكووم كران. ئه‌م سێ به‌ندكراوه له حاڵی حازردا له زیندانی ڕه‌جایی‌شاری كه‌ره‌جدان.
ئه‌نوه‌ر خزری له به‌فرانباری ١٣٩٧ دا به نووسینی ڕه‌نجنامه‌یه‌ك ڕایگه‌یاندبوو له كاتی لێپرسینه‌وه له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ، وەک دەربڕینی ناڕه‌زایه‌تی لە ئاست ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ڕۆحی‌دا ده‌ستی دابووه خۆكوشتن، ناوبراو له‌م ڕه‌نجنامه‌دا باسی گێره‌شێوێنیی ده‌زگا دادوەرییه جۆرواجۆره‌كانی لە ئاست خۆی و هاودۆسیەکانیدا كردبوو.
فه‌رهاد سه‌لیمیش له گه‌لاوێژی ئه‌مساڵدا به بڵاوكردنه‌وه‌ی نامه‌یه‌كی سه‌رئاوه‌ڵا بۆ ئیبراهیم ڕه‌ییسی، سه‌رۆكی دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامی، لە ئاست کەمتەرخەمی و ئاوڕنەدانەوە لە دۆسیه‌كه‌ی خۆی و هاوڕێكانیدا ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕیبوو و جارێکی‌تر باسی هه‌ڵسوكه‌وتی خراپی به‌رپرسانی ده‌زگای دادوەری و زه‌خت و گوشاری ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی به‌ندكراوانی كردبوو.
ئه‌نوه‌ر خزری، كامران شێخه، خۆ‌سر‌و به‌شاره‌ت، داوود عه‌بدوڵڵاهی، فه‌رهاد سه‌لیمی، قاسم ئابه‌سته و ئه‌یوب كه‌ریمی مانگی سه‌رماوه‌زی ساڵی ١٣٨٨ به ده‌ستی هێزه ئەمنییەكان ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ كرابوو، ئه‌م به‌ندكراوە مه‌زهه‌بییانه نزیكه‌ی ٨ مانگ له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ به تۆمه‌تی موحارەبه كه‌وتنه ژێر لێپرسینه‌وه و دواتر گواسترانه‌وه بۆ زیندانی ئێڤینی تاران و ماوه‌ی شه‌ش مانگ له ژووره تاكه‌كه‌سییەكانی به‌نده‌كانی ٢٤٠ و ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین‌دا ڕاگیران. دواتر گوێزرابوونه‌وه بۆ به‌ندی ٣٥٠ و دوای ٢٠ ڕۆژ مانەوە له‌م به‌نده‌دا، له ڕێكه‌وتی ٢٥ی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی ٩١دا ڕه‌وانه‌ی زیندانی ڕه‌جایی‌شاری كه‌ره‌ج كرابوون.
له كۆتاییه‌كانی مانگی ڕه‌شەمه‌ی ساڵی ٩٤دا كۆبوونه‌وه‌ی دادگای ئه‌م حه‌وت به‌ندكراوه به تۆمه‌تگه‌لێكی وه‌كوو «هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی»، «بانگەشەی دژی حکوومەت»، «ئه‌ندامبوون له گرووپه سه‌له‌فییه‌كاندا» و «ءیفساد لەسەر زەوی» له لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران‌دا به سه‌رۆكایه‌تیی دادوەر مه‌قیسه به‌ڕێوه چوو و له رێكه‌وتی ٥ی جۆزه‌ردانی ساڵی ٩٥دا ده‌رچوونی حوكمی ئێعدام‌یان به شێوه‌ی فه‌رمی پێ ڕاگه‌یەنرا. دوای ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی پارێزه‌ری دۆسیه‌كه به‌م حوكمه، دۆسیه‌كه نێردرایه دیوانی باڵای ئێران و له كۆتاییه‌كانی ساڵی ١٣٩٥دا ئه‌م حوكمه هەڵوەشایەوە.