بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٣ی ڕێبەندان، ٢ بەندکراو بە ناوەکانی میلاد جاجەوی خاجیک و محەممەدعەلی ئەختەری کەهلان کە پێشتر بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای دزیی چەکدارانەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون.

بەرپرسانی زیندان ڕایانگەیاندووە کە حوکمی لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە بەرەبەیانی سبەینێ جێبەجێ دەکرێت.

ئەم دوو زیندانییە سەرەتای ڕەزبەری ١٣٩٧ (سێپتامبری ٢٠١٨) لەگەڵ هاووڵاتییەکی تردا بە ناوی میلاد غەفارزادەی قەرەقشڵاقی بە تۆمەتی «دزیی چەکدارانە لەگەڵ کوشتندا» دەستبەسەر کران و لە خاکەلێوەی ١٣٩٨دا (ئاوریلی ٢٠١٩) لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ بڕایەوە.

سزای لەسێدارەدانی میلاد غەفارزادەی قەرەقشڵاقی لە دیوانی باڵای ئێراندا هەڵوەشایەوە و گۆڕدرا بۆ سزای بەندکران، بەڵام سزای لەسێدارەدانی میلاد جاجەوی خاجیک و محەممەدعەلی ئەختەری کەهلان وەک خۆی پەسەند کرا.

وێنەیەکی دادنامەی ئەم زیندانییانە