شەوی ڕابردوو سزای لەسێدارەدانی نەسیم نەمازی، هاووڵاتیی تورکی خەڵکی ورمێ و ٣ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەریی بەردیانی و ڕەحمان پەڕهازوو کە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو (فێبرییەی ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی هەواڵگری و سیخوڕیدا لە بەرژەوەندیی ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

ڕۆژی ڕابردوو و پاش گواستنەوەی ئەم زیندانیانە بۆ ژووری تاکەکەسی، بنەماڵەکانیان ڕایانگەیاند کە دوابەدوای کوژرانی سەیدڕەزی مووسەوی لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە سووریا، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەیانهەوێت لە کردارێکی تۆڵەسەندنەوەدا دژ بە ئیسراییل، ئەم ٤ بەندکراوە لە سێدارە بدەن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە کۆتاکاتژمێرەکانی شەوی ڕابردوو هەر ٤ زیندانییەکە بە چاودێریی تیمێکی وەزارەتی ئیتلاعات لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دراون. تا ئەم ساتە تەرمی ئەم ٤ زیندانییە لەسێدارەدراوە ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.

شەوی ڕابردوو سەرەڕای ئامادەبوونی بەربڵاوی هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری زیندانی ناوەندیی ورمێدا، ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵە و خزمانی ئەم بەندکراوانە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە بەردەم زینداندا گرد ببوونەوە.

خزمێکی ئارام عومەریی بەردیانی دوابەدوای گواستنەوەی ئەم زیندانیانە بۆ ژووری تاکەکەسی لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «پارێزەرانی ئەم بەندکراوانە چەند ڕۆژێک دوای پەسەندکرانی حوکمەکەیان لە دیوانی باڵای ئێراندا، داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەیان پێشکەشی دیوانی باڵا کردبوو، هاوکاتیش دوای لێخۆشبوونیان لە کۆمیسیۆنی لێخۆشبوون و بەخشینی دەزگای دادوەریدا تۆمار کردبوو و لە کاتێکدا کە ئەم دوو داواکارییە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا بوو، ئەم زیندانیانە لە کردارێکی تۆڵەسەندنەوەدا و بە دەستووری دامودەزگا ئەمنییەکانی تاران، بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون».

لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (٦ی فێبرییەی ٢٠٢٣) ئەم چوار هاوواتییە لەگەڵ مەنسوور ڕەسوولی، لە ئەندامانی پێشووی سوپای پاسداران، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لە لایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە، بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی هەواڵگری و سیخوڕیدا لە بەرژەوەندیی ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا.

ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانبار (٢٦ی دیسامبەر) لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی ئەم ٤ بەندکراوەی وەک خۆی پەسەند کردەوە و سزای لەسێداەرەدانی مەنسوور ڕەسوولیی هەڵوەشاندەوە.

دەنگی ئارام عومەری
دەنگی وەفا هەنارە

نەسیم نەمازی، ٥٤ ساڵان، وەفا هەنارە، ٣٥ ساڵان، ئارام عومەریی بەردیانی، ٣٥ ساڵان و ڕەحمان پەڕهازوو ٣٤ ساڵان لەگەڵ ٥ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ورمێدا بە ناوەکانی کامران هەنارە، ٣١ ساڵان، فەخرەدین ددودکانلووی میلان، ٢٦ ساڵان، ئەشکان عوسماننژاد گەندووک، ٣٢ ساڵان، حەسەن عومەرپوور موانە، ٢٨ ساڵان و ئەمیرموشتاق گەنگچین، ٢٨ ساڵان کە هەرهەموویان خەڵکی ورمێ بوون، لە مەودای نێوان چەند مانگدا، لە پاییزی ١٤٠٠ـەوە تا خاکەلێوەی ١٤٠١ (سێپتامبری ٢٠٢١ تا مارسی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران و هەرکامەیان بۆ ماوەی چەند مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی هەواڵگری و سیخوڕیدا لە بەرژەوەندیی ئیسراییل» خرانە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحییەوە.

مەنسوور ڕەسوولیی ٥٤ ساڵانیش لە بەهاری ١٤٠٢دا (٢٠٢٣) دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دوگوترا «لێپرسینەوەی کەسانی سەر بە مووساد»ـە لەم هاووڵاتییە، دەستبەسەر کرا.

بەپێی فایلێکی دەنگیی ئارام عومەریی بەردیانی و وەفا هەنارە لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە کە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، ئەم ١٠ هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستبەسەرکردن و هەروەها دەستدرێژیکردنە سەر ئەندامانی تری بنەماڵەکانیاندا، ناچار بوون بە زۆر ددان بە تاوانباربوونی خۆیاندا بنێن، بەڵام لە دادگادا وێڕای ڕەتکردنەوەی سەرجەم تۆمەتەکانی لێپرسەوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندبوو کە لە کاتی لێپرسینەوەکاندا ئەشکەنجە دراون.

دادگاییکردنی ئەم ١٠ هاووڵاتییە لە دوو کۆبوونەوەی جیاواز و لە لقی سێهەمی دادگای شۆرشی ئیسلامیی ورمێدا بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بەڕێوە چوو، دادگاکە لە حاڵێکدا بەڕێوە چوو کە هەندێ لەم هاووڵاتییانە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کرابوون، سەرەڕای ئەمەیش دادگا بڕیاری تاوانباربوونی لەسەر دەرکردن.

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٣) ئارام عومەری، ڕەحمان پەڕحازوو، ئەمیر موشتاق گەنگچین، فەخرەدین دوودکانلووی میلان و ئەشکان عوسماننژاد بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست سەپاندنی نادادپەروەرانەی سزای لەسێدارەدان و بەندکراندا بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مانیان لە خواردن گرتبوو.