داوود عەبدوڵڵاهی، زیندانیی مەزهەبیی کورد، ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی بەفرانبار (٢ی ژانڤییە) دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا. ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەرفرانبارەوە (٢٦ی دیسامبەر) دوابەدوای گوێزرانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، دەستی بە مانگرتنی وشک لە خواردن کردبوو.

دوو هاودۆسیەی دیکەی ئەم زیندانییە بە ناوەکانی قاسم ئابستە و ئەیوب کەریمی ڕۆژانی ١٤ی گەڵاڕێزان و ٨ی سەرماوەز (٥ و ٢٩ی نۆڤامبەر) لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دران.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەمڕۆ ١٢ی بەفرانبار (٢ی ژانڤییە) ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە حەوتەمین ڕۆژی مانگرتنی وشک لە خواردندا و دوای ١٤ ساڵ بەندکران، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دراوە.

تەرمی ئەم بەندکراوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و وا بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە مەهاباد ئەسپەردە بکرێت.

دوابەدوای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە، ئێستە نیگەرانییەکان لە ئاست لەسێدارەدانی ٤ تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسیەیەدا بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت و فەرهاد سەلیمی، زیادی کردووە.

پێشتر تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وێڕای هۆشداریدان لەمەڕ مەترسیی لەسێدارەدانی ئەم ٥ زیندانییە مەزهەبییە، ڕایگەیاندبوو کە دۆسیەی هەر پێنجەکەیان نێردراوەتە بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندان و دامودەزگا ئەمنییەکان داوایان لە بەرپرسانی زیندانی قزلحەسار کردووە هەر پێنج کەسەکەیان لە کورتترین ماوەی مومکیندا لە سێدارە بدەن.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٩دا (٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٠) لقی ٣٨ی دیوانی باڵای ئێران داواکاریی دادگاییکردنەوەی دووبارەی ئەم زیندانییە مەزهەبییانەی ڕەت کردبووەوە.

داوود عەبدوڵڵاهی لەگەڵ ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، فەرهاد سەلیمی، ئەیوب کەریمی و قاسم ئابستە لە مەودای نێوان ناوەڕاستی سەرماوەز تا سەرەتای ڕێبەندانی ١٣٨٨دا (دێسامبەری ٢٠٠٩ تا ژانڤییەی ٢٠١٠) لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە بۆ ماوەی چەندین مانگ لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کران و بۆ ماوەی ٦ مانگیش لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩ی ئەم زیندانەدا خرانە ژێر لێپرسینەوە. ئەم بەندکراوانە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١ (١٣ی ئاوریلی ٢٠١٢) گوازرانەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

لانیکەم ٤ کەس لەم زیندانیانە لە ساڵانی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی نامەی سەرئاوەڵا باسیان لە ئەشکەنجەدانی خۆیان لە قۆناغی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا کردووە.

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە.

دوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) ئەم ٧ زیندانییە جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپایەوە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران و لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (ژانڤییەی ٢٠٢٠) وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرانەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.