بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ڕێبەندان (٢٣ی ژانڤییە) فەرهاد سەلیمی، مامۆستای ئایینیی سوننەی کورد و زیندانیی مەزهەبیی مەحکووم بە ئێعدام، دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا. فەرهاد سەلیمی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەدا لە سێدارە دراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بنەماڵەی سەلیمی ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕێبەندان (٢١ی ژانڤییە) دوای ئاگاداربوونەوە لە گواستنەوەی ئەم زیندانییە مەزهەبییە بۆ ژووری تاکەکەسی، بە مەبەستی دوادیدار لە سەقزەوە بۆ زیندانی قزلحەساری کەرەج ڕۆیشتبوون، بەڵام ئەم مامۆستا ئایینییە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو مافە لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا.

فەرهاد سەلیمی لەگەڵ سێ زیندانیی دیکەی ئەم دۆسیەیەدا بە ناوەکانی کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت و ئەنوەر خزری لە ڕۆژی ١٣ی بەفرانبارەوە (٣ی ژانڤییە) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست لەسێدارەدانی داوود عەبدوڵڵاهی و مەترسیی لەسێدارەدانی خۆیاندا، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج مانیان لە خواردن گرتبوو.

پێشتر و سەرەڕای هەوڵەکانی بنەماڵە و گوشار و بەدواداچوونی دامەرزراوەکانی مافی مرۆڤ، سزای لەسێدارەدانی سێ هاودۆسیەی دیکەی ئەم زیندانییە مەزهەبییە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی و داوود عەبدوڵڵاهی لە ڕۆژانی ١٤ی گەڵاڕێزان، ٨ی سەرماوەز و ١٢ی بەفرانباری ئەمساڵدا (٥ و ٢٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣ و ٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرابوو.

فەرهاد سەلیمی، مامۆستای ئایینیی ٤٣ ساڵانی خەڵکی سەقز، لەگەڵ ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی، ئەیوب کەریمی و قاسم ئابستەدا لە مەودای نێوان ناوەڕاستی سەرماوەز تا سەرەتای ڕێبەندانی ١٣٨٨دا (دێسامبەری ٢٠٠٩ تا ژانڤییەی ٢٠١٠) لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە بۆ ماوەی چەندین مانگ لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کران و بۆ ماوەی ٦ مانگیش لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩ی ئەم زیندانەدا خرانە ژێر لێپرسینەوە. ئەم بەندکراوانە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١ (١٣ی ئاوریلی ٢٠١٢) گوازرانەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

فەرهاد سەلیمی لە دەیەم ساڵی بەندکران و لە گەلاوێژی ١٣٩٨دا (جولایی ٢٠١٩) نامەیەکی سەرئاوەڵای بۆ ئیبراهیم ڕەییسی، سەرۆکی ئەودەمی دەزگای دادوەری نووسیبوو و نوسخەیەکیشی بۆ بڵاوکردنەوە ناردبوو بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان. ئەم زیندانییە لە نامەکەیدا نووسیبووی: «من، فەرهاد سەلیمی، مامۆستای ئایینیی سوننەی خەڵکی کوردستان، شاری سەقز، لە ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٨٨ـەوە (٢٩ی ژانڤییەی ٢٠١٠) بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکم پێ ڕابگەیەنرێت، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە دەستبەسەر کرام و نزیکەی ١٠ ساڵی تەواوە بە شێوەی نایاسایی دەستبەسەرم. بەبێ ئەوەی لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا یەک جاریش تازەکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوونم پێ ڕاگەیەنرابێت و بەبێ ئەوەی لە هیچ کام لە قۆناغەکانی لێپرسینەوە و دادگاییکردندا توانیبێتیان بەپێی چوار هۆکارە دیاریکراوەکە لە یاسادا تۆمەتێکم لەسەر بسەلمێنن. لە حاڵێکدا کە لە هەمان سەرەتاوە و بەپێی مادەی ٣٢ی یاسای بنەڕەتی، یەک لە مافەکانی هاووڵاتیان ئەوەیە کە لە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و پشکنینی بێمۆڵەت پارێزراو بن. هەروەها هەرچەشنە هەڕەشە، گوشار و بەربەستدانان لە بەردەم بنەماڵە و خزمانی کەسی تۆمەتبار و دەستبەسەرکراودا قەدەغە و نایاساییە».

فەرهاد سەلیمی لە درێژەی نامەکەیدا نووسیبووی: «ئایا لە ماوەی دە ساڵدا گۆڕینی چەندین دەستبەسەرگە و زیندان و هەروەها دواخستنی نائاسایی و نایاسایی و نالۆژیکیی ڕەوتی دادگاییکردن، گوشار بۆ لابردنی پارێزەر بە بیانووی بێمانا، گوشار بۆ داننان بە تاوانی نەکردوودا، بەستنەوەی دیاریکردنی چارەنووس بە قبووڵکردنی تۆمەتی بێبنەما و درۆوە، چاوەڕوانیی دە ساڵەی بنەماڵەم، سەختی و بێتاقەتیی لەدەستدانی باوک و کەسانی نزیکم لە ماوەی دەستبەسەربووندا، گەورەبوونی منداڵەکانم لە نەبوونی خۆمدا و نەخشاندنی داهاتوویان بە خەون و خولیا و چاوەڕوانییەوە، گریان و فرمێسکی دە ساڵەی دایکم و هاوژینەکەم و منداڵەکانم، سەلمێنەر و نموونەی بەرچاوی ئەشکەنجەی ڕۆحی و دەروونی و ناچارکردن بە دانپیانان و ئیقراری زۆرەملێ نیین؟؟!!».

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە.

دوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) ئەم ٧ زیندانییە جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپایەوە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران و لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (ژانڤییەی ٢٠٢٠) وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرانەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.