بەڕێوبەری یەکێک له کەناڵە تێلێگرامییەکان لە دۆسیەیەکی نوێ لەلایەن لقی ۱۰۲ی دادگایی گشتی ورمێ بە تۆمەتی سووکایەتی بە پیرۆزهكان به ۱۵ مانگ زیندان سزادرا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافهكانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی پێنج شەممە ۱۵ی گەلاوێژ، کۆبوونەوەی دادگایی کردنی چالاکڤانی تێلێگرامی، فەڕوخ عەبدی، له لقی ۱۰۲ی دادگایی گشتی له شاری ورمێ بەڕێوەچوو و له رێکەوتی ۳۰ی گەلاوێژ، حوکمی ۱۵ مانگ زیندان بە تۆمەتی سووکایەتی به پیرۆزییهكان له گرتووخانەی ناوەندی ورمێ به ناوبرا ڕاگەیێندرا.
دهركردنی ئهو سزا نوێیه له کاتێکدا به ناوبراو ڕاگەیێندرا کە خەریکی تێپەڕکردنی ماوهی سزای ۱۵ مانگەی پێشووی خۆی له گرتووخانەی ورمێیه.
ناوبراو پێشتر له کۆتایی بانەمەڕی ئەمساڵ دۆسیەیەکی دیکەی به تۆمەتی “بانگەشە دژی حکومەت” و سووکایەتی به “ڕێبەری کۆماری ئیسلامی” لەلایەن لقی ۲ی دادگایی شۆڕشی ورمێ به گشتی به ۳ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو کە ئەو حوکمه دوای ناڕەزایەتی ناوبراو له دادگایی پێداچوونەوەی ورمێ بۆ ۱۵ مانگ زیندان دابەزی.
جێگای باسه کە فەڕوخ عەبدی، بەڕێوبەری کەناڵی تێلێگرامی داخراوی “ئامانج” کە هەواڵی تایبەت بە کوردستانی بڵاو دەکردەوە له ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۹٦ له شاری قیشم، لەلایەن هێزه ئەمنییەکان دەستبەسەر کرا و بۆ گرتووخانەیهك تایبهت له تاران گواسترایەوە.
فەڕوخ عەبدی دوای دوو ڕۆژ بۆ گرتووخانەی ئێدارهی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترایەوە و دەربارەی هەواڵ و بابەتەکانی بڵاوکراو لەلایەن خۆیەوە له کەناڵی تێلێگرامی لەسەر بەڕێوبەرایەتی و هەروەها بانگهێشت کردنی خەڵک بۆ بەشداری له ناڕەزایەتی دهربڕین بهرامبهر به هێرشی ئەڕتەشی تورکیا بۆسەر عەفرین کەوتە ژێر لێپرسینەوەوە.
دوای تەواو بوونی پرسینەوەکان ئەو چالاکڤانە تێلێگرامییه بە قەراری دەستبەسەرکردنی کاتی بۆ گرتووخانەی ناوەندی ورمێ گواسترایەوە و بە فەرمانی بەرپرسانی گرتووخانە بە پێچهوانهی یاسایی جیاکردنەوەی زیندانیان له یهك، بۆ بەندی ۳-۴، ژووری بەندکراوانی تاوانە ئاساییەکان گواسترایەوە.