به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٢٦ی گەڵاڕێزان، دادگای لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی مورتەزا حەق‌بەیان، ڕۆژنامەنووسی دانیشتووی سنە و بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی «ئەعمەک»، لە لقی ١٠٤ی کەیفەریی بینای دادوەریی شەهید بەهەشتیی سنەدا بەڕێوە چوو.
ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم چالاکە میدیاییە کراونەتەوە بریتیین لە «بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەی دەوڵەتی» و «تۆمەت‌لێدان و بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ» لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هەندێ بابەتەوە لە کاناڵی تێلێگرامیی «ئەعمەک»دا.
مورتەزا حەق‌بەیان ٣ی خەرمانانی ١٣٩٨ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی پۆلیسەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی دوو مانگ بەندکران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئەم ڕێکخراوە ئەمنی-سەربازییەدا بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و تا دەرچوونی حوکمی یەکلاکەرەوە و قەتعی، ئازاد کرا.
دادگای ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە لە حاڵێکدا لە لقی ١٠٤ی کەیفەریی سنە بەڕێوە چوو کە لە کۆتایی دادگاکەدا ناوبراو کەوتە بەر هێرش و لێدانی عەلیڕەزا موحەممەدیارەوە کە پارێزەری یەک لە شکاتکارەکانە، ئەو شکاتکارە پێشتر لە سنە دادوەر بووە و لە کاناڵی تێلێگرامیی «ئەعمەک»دا ڕاپۆرتێک لەسەر گەندەڵییە ماڵییەکانی بڵاو کرابوویەوە.
کاناڵی تێلێگرامیی «ئەعمەک» کاری لەسەر گەندەڵییە ئابووری و ئیدارییەکانی نێو دامەزراوە حکوومییەکانی پارێزگای کوردستان دەکرد و لە ماوەی چالاکبوونیدا کۆمەڵێک بەڵگە و داکیۆمێنتی لەسەر گەندەڵیی بەرپرسانی پارێزگای کوردستان بڵاو کردبۆوە. ئەم کاناڵە تێلێگرامییە دوای تۆمارکردنی شکایەت لە لایەن ئەو کەسانەوە لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژە بە ناو و بەرپرسایەتییەکەیان کرابوو، بە فەرمانی داواکاری گشتی و ئینقلابی کوردستان داخرا و بەڕێوەبەرەکەی، مورتەزا حەق‌بەیان، دەستبەسەر کرا.