چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەی خومەینیی تاران مۆڵەتیان بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی نەدا بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساخارۆفدا لە پارلەمانی ئەورووپا بۆ وڵاتی فەرەنسا سەفەر بکەن. هێزە ئەمنییەکان تەنها مۆڵەتیان بە ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی، داوە کە لە ئێران بێتە درەوە و ڕایانگەیاندووە کە بنەماڵەی ئەمینی قەدەغەی چوونەدەرەوەیان لەسەرە و دوای لێپرسینەوە، دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکانیشیاندا گرتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە موژگان ئیفتیخاری، ئەمجەد ئەمینی و ئەشکان ئەمینی لەگەڵ ساڵح نیکبەختدا، پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساخارۆفدا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا چوونەتە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاران، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران مۆڵەتی سەفەرکردنیان بە بنەماڵەی ئەمینی نەداوە و دواجار تەنها ڕێگەیان بە پارێزەرەکەیان داوە سەفەر بکات.

هێزە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە کە بنەماڵەی ئەمینی قەدەغەی چوونەدەرەوەیان لەسەرە و دوای لێپرسینەوە، دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکانیشیاندا گرتووە.

وا بڕیارە ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی، بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەکەیەوە لەم ڕێوڕەسمەدا بەشداری بکات.

پارلەمانی ئەورووپا خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٣ی ساخارۆفی پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کردووە. وا بڕیارە ڕێوڕەسمی پێسکەشکردنی ئەم خەڵاتە ڕۆژی ١٢ی دیسامبەر لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوە بچێت.