شەوی ڕابردوو هەینی یەکی بەفرانبار (٢٢ی دیسامبەر) ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، دوای گەڕانەوە بۆ ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاراندا خراوەتە بەر لێپرسینەوە و هاوکات دەست گیراوە بەسەر پاسپۆرت و مۆبایلەکەی خۆی و هەروەها تابلۆکەی خەڵاتی ساخارۆفدا کە پێشکەشی ژینا ئەمینی کرابوو.

ڕۆژی ١٨ی سەرماوەز (٩ی دیسامبەر) بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە فڕۆکەخانەی تاراندا ئاگادار کرانەوە کە قەدەغەی چوونەدەرەوەیان لە سەرە و نەیانهێشت سەفەری فەرەنسا بکەن، هەر بۆیە ساڵح نیکبەخت ڕۆژی ٢١ی سەرماوەز (١٢ی دیسامبەر) بە نوێنەرایەتی لەوانەوە لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٣ی ساخارۆفی پارلەمانی ئەورووپادا بەشداریی کرد و پەیامی موژگان ئیفتیخاریی دایکی ژینا ئەمینیی خوێندەوە.

خەڵاتی مافی مرۆڤی پارلەمانی ئەورووپا کە بە ساخارۆف ناسراوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا پێشکەش کرا بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند: «ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساخارۆفدا سەردانی شاری ستراسبۆرگی فەرەنسای کردبوو، ڕۆژی هەینی یەکی بەفرانبار (٢٢ی دیسامبەر) دوای گەییشتن بە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاران یەکسەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە براوەتە ژوورێکی ئەمنییەوە لە فڕۆکەخانەکەدا و جیا لەوەی خراوەتە بەر لێپرسینەوە و کەلوپەلەکەی پشکێنراوە، پێی ڕاگەیەنراوە کە لە لایەن بەرپرسانی دەزگای دادوەرییەوە قەدەغەی چوونەدەرەوەی بۆ دانراوە».

بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان جیا لە پاسپۆرت و مۆبایلەکەی ئەم یاساناسە کوردە، دەستیان بەسەر تابلۆی خەڵاتی ساخارۆفیشدا گرتووە کە لە لایەن پارلەمانی ئەورووپاوە بەخشرابوو بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «لە ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی قەدەغەبوونی چوونەدەرەوەی ئەم یاساناس و پارێزەرە بۆ سندووقە ئەلەکترۆنییەکەی لە تۆڕی سەنادا نێردراوە، هەروەها لە دووتوێی بانگهێشتنامەیەکدا پێی ڕاگەیەنراوە کە دەبێ لە ڕۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران خۆی ڕادەستی نووسینگەی لقی یەکەمی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای موقەدەسی تاران بکات».

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە کۆتاییدا وتی: «سزای ساڵێک بەندکرانی ساڵح نیکبەخت کە بە هۆی تانەدانیەوە لە بۆچوونەکەی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد لەمەڕ هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بە سەریدا سەپابوو، لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی تارانەوە پەسەند کراوە، بەڵام پارێزەرەکەی داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی پێشکەشی دیوانی باڵای ئێران کردووە و ئەم داواکارییە ڕادەستی بەردەم لقی ٩ی دیوانی باڵا کراوە».

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەوڵی دا پێوەندی بە بەڕێز ساڵح نیکبەختەوە بکات و لەسەر ئەم بابەتە زانیاریی زیاتر وەربگرێت، بەڵام ئەم پارێزەرە یاساییە ڕایگەیاند لە داهاتوودا خۆی زانیاریی وردتر بڵاو دەکاتەوە.

ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، لە کۆتایی ڕەزبەری ئەمساڵدا (ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد، سزای ساڵێک بەندکران و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سزای تەواوکەر بە سەردا سەپا. ئەم حوکمە لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تارانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە و دۆسیەکە بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی بەردەم لقی یەکەمی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای موقەدەسی تاران کراوە.

پێشتر عەلی ڕەزایی، پارێزەری ساڵح نیکبەخت، لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو: «بە داخەوە دادگا بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرگرییەکانی من و بەڕێز نیکبەخت، قورسترین سزای ئەم تۆمەتەی بەسەر پارێزوانەکەمدا سەپاندووە کە ساڵێک بەندکرانە».

ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری یاسایی ٧٢ ساڵان کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری پارێزەری دەکات، لە گەلێ دۆسیەی سیاسی و ڕۆژنامەوانیدا، لەوانە دۆسیەی زیندانیان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و تورک و عەرەب، ئەرکی پارێزەریی لە ئەستۆ بووە. هەروەها لە هەندێ دۆسیەی بەناوبانگی گەندەڵیی ئابووریی ئێرانیشدا پارێزەریی کردووە، لەوانە دۆسیەی ناسراو بە ١٢٣ میلیاردیی بانکی سادرات کە وەک پارێزەری بانک هۆکار و بکەرە سەرەکییەکانی گەندەڵیی لە قاو دا و ڕایگەیاند لەم دۆسیەیەدا کەسانێک زەمینەی تاوانیان فەراهەم کردووە کە نە سەرپەرشتن و نە یاریدەدەر و نە هاوبەش، بەڵام بەبێ دەستێوەردانی ئەوان ئەنجامدانی تاوانەکە نامومکین بوو.

ئەم پارێزەرە یاساییە کە پێشینەی ڕۆژنامەوانیشی هەیە، پێش و پاش شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران (١٩٧٩) بەردەوام لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە کەوتووەتە بەر لێکۆڵینەوە، بانگهێشتکردن، قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە ئێران و دەستبەسەرکردنەوە و نزیکەی ٨ ساڵ لە تەمەنی خۆی بە تۆمەتی سیاسی لە زینداندا بردووەتە سەر. هەروەها لە کارنامەی ئەم یاساناسەدا ڕزگارکردنی گیانی نزیکەی ٣٠ زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە ساڵانی پارێزەربوونیدا دەبینرێت.