ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەڵاڕێزان (٢٥ی ئۆکتۆبەر) فەردین مستەفایی و ناسر کەریمی، دوو چالاکی بواری ڕاگەیاندنی خەڵکی سەقز، بانگهێشتی بەردەم پۆلیسی فەتا کراون و خراونەتە ژێر لێپرسینەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، فەردین مستەفایی، ڕۆژنامەوان و بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی «سەقز ڕووداو» و ناسر کەریمی، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی «دەنگی شار»، لەسەر شکاتی قایمقام (فەرماندار)ی سەقز بانگهێشتی بەردەم پۆلیسی فەتای ئەم شارە کراون و بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ و شێواندنی ڕای گشتی» لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

دەوترێت هۆکاری بانگهێشت و لێپرسینەوە لەم دوو چالاکەی بواری ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە هەواڵێک سەبارەت بە کێشەکانی هاووڵاتیانی سەقز لە کاناڵە تێلێگرامییەکانی خۆیاندا.