بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕێبەندان (١١ی فێبرییە) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕۆژنامەوان و چالاکی فەرهەنگی سیامەند موهتەدی لە بۆکان و ئەم هاووڵاتییە کوردەیان دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە ئەمنییەکان دەستیان گرتووە بەسەر لابتۆب و مۆبایل و هەندێ کەلوپەلی کەسیی دیکەی ئەم ڕۆژنامەوانەدا و ڕێگەیشیان پێ نەداوە دەرمانەکانی هەڵبگرێت.

سیامەند موهتەدی ماوەیەک لەمەوپێش دوو جار نەشتەرگەریی سەری بۆ کراوە و لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدایە، هەر بۆیە مۆڵەتنەدانی هێزە ئەمنییەکان بە هەڵگرتنی دەواکانی و بێبەشکردنی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی بووەتە مایەی تەشەنەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست دۆخی تەندروستیی ئەم چالاکە فەرهەنگییەدا.

سیامەند موهتەدی لەم ساڵانەی ڕابردوودا لەگەڵ هەندێ گۆڤار و ڕاگەیاندنی وەک «بۆکان»، «کوردستانی نوێ» و تەلەڤیزیۆنی خاک (لە هەرێمی کوردستان) هاوکاریی کردووە.