بۆکان؛ ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران بەهۆی دەستڕێژی گولـلەی هێزە ئەمنییەکانەوە کوێر بوون

سەرچاوەیەک لە شاری بۆکانەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە شاری بۆکان ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر / ١١.١٦ لە شەقامی سەرەتای مەیدانی فەرمانداری دەستیپێکرد، پاش ماویەکی کەم هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر خۆپیشاندەران و دەستڕێژی گولـلەیان لێکردن”.

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان بە گولـلەی پلاستیکی هاوڵاتیانیان کردووەتە ئامانج کە بووەتە هۆی کوێڕبوونی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران. هەروەها دەیان هاوڵاتییان دەستبەسەرکردووە کە ژمارەیەکیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە ئازادکراون.

بەگوێڕەی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، کەشی شاری بۆکان لە ئێشتادا بەسەربازیکراوە و هێزە ئەمنییەکان لەناو شەقامە سەرەکییەکانی شاردا بە بەرفراوانی دەبیندرێن.

https://www.facebook.com/KurdistanHRN/videos/441639449873370/?t=0

خۆپیشاندانێک لەشاری خۆی بەڕێوەچوو

سەرچاوەیەک لە شاری خۆی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی گوت: “سەرەڕای هەبوونی کەشی ئەمنی لە شارەکەدا، شەوی ڕابردوو لە چەند شەقامێکدا گردبوونەوەی ناڕەزایی لەدژی بەزبوونەوەی نڕخی بەنزین بەڕێووەچوو”.

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر خۆپیشاندەران، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی دەستبەسەرکراوان و بریندارانی ئەو خۆپیشاندانە لە بەردەستدا نییە.

سنە؛ دەیان خۆپیشاندەری دەستبەسەرکراو لە ناوەندە ئەمنییەکانی سنەدا لە ژێر فشار دان

چالاکوانێکی مەدەنیی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن دەزگای هەواڵگری (ستاد خبری)ی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگ کراوە و پاشان لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “فەرمانگەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەستاون بە بانگ کردن و هەڕەشەکردن لە چالاکوانانی مەدەنیی ئەو شارە. هەروەها هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی غالب حسێنی، چالاکوانی کرێکاری و پاش پشکنینی ماڵەکە ئەندامانی بنەماڵەکەیان ناچارکردووە شارەکە بەجێ بهێڵن”. 

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، دەیان خۆپیشاندەری دەستبەسەرکراوە لە شارەکانی مەریوان و سەقزەوە بۆ دەستبەسەرگەکانی ئەو دوو ناوەندە ئەمنییە بەڕێکراون و ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە و فشاردان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات و دەستبەسەرگەی شەهرام¬فەری سپای پاسداراندا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و لە ژێر فشار دان. هەروەها لانیکەم ٢٠ هاوڵاتی دیکەش لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاسایشی شارەکەدا دەستبەسەرن.