تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیوایەتی کە ناوەندە ئەمنییەکانی شارەکانی کرماشان، جوانڕ، ڕوانسەر و مەریوان لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەردانی بنەماڵەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەیان کردووە و دوایان لێکردوون ناوی ڕۆڵەکانیان وەک “شەهید”ی کۆماری ئیسلامی تۆماربکەن.

بەگوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تا ئێستا کوژرانی ٢٤ هاوڵاتی لە خۆپیشاندانەکانی شارەکانی جوانڕۆ، کرماشان، سنە، مەریوان، کەرەج و تاران پشتڕاستکراوەتەوە.

هێزە ئەمنییەکان لە چوارچێوەی سەردانیان بۆ ماڵی ئەو بنەماڵانە پێداگربوون لەسەر ئەوەی کوژرانی ڕۆڵەکانیان “بەڕێکەوت” ڕوویداوە و هەوڵیان داوە بەجۆرێک ڕەزامەندییان وەربگرن بۆ ئەوەی ناوی کوژراوەکانیان وەک “شەهید”ی کۆماری ئیسلای تۆماربکەن.

جێگەی ئاماژەیە کە زۆربەی ئەو بنەماڵانە پێشنیاری ناوەندە ئەمنییەکانیان ڕەتکردووەتەوە.

ئەوە لەکاتێدایە کە ناوەندە ئەمنییەکان پێشتر هەڕەشەیان لەو بنەماڵانە دەکرد کە بە هیچ جۆرێک لەبارەی کوژرانی ڕۆڵەکانیانەوە لێدوان بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان نەدەن.