تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٨ی ڕێبەندان / ٠١.٢٨، دانیشتووانی گوندی تاڵاوی سەربە میاندواو بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی هەڵڕشتن و کۆکردنەوەی زبڵەکانی ئەو شارە لە دەوروبەری گوندەکە، گردبوونەوە.

شارەوانیی شاری میاندواو لە چەند مانگ پێش ئێستاوە شوێنێکی لە دەوروبەری ئەو گوندە بۆ کۆکردنەوەی زبڵ دیاریکردبوو و بۆ ئەو مەبەستەش دەستی کردبوو بە ئامادەکاری. پێشتریش خەڵکی گۆندەکانی ئەو ناوچەیە لە دژی ئە بڕیارە ناڕەزایی دەربڕیبوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: “خەڵکی گوندی تاڵاو بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە بەرامبەر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی شارەوانیی میاندواو وەستان و لە ئەنجامدا ڕێگەیان پێنەدان زبڵەکانیان لە دەوروبەری گوندەکە بەتاڵ بکەن”.

جێگەی ئاماژەیە کە پابەندنەبوون بە ستاندارە جیهانییەکان لەبارەی هەڵڕشتنی و کۆکردنەوەی زبڵ لە ناوچەکانی تایبەت بە نیشتەجێبوون لێکەوتەی زۆر مەترسیداری بەدواوە دەبێت، تەشەنەی نەخۆشییە مەترسیدارەکان و پیسبوونی ژینگە دووان لەو لێکەوتانەن.