“ئومید خاکی” و “قادر سەلیمی”، دوو زیندانی سونە مەزهەب لە زیندانی شارەکانی کرماشان و ورمێ  لە ڕێکەوتی ۲۲ی پووشپەڕ و ۱ی گەلاوێژی ئەمساڵ مانییان لە خواردن گرت.

بە پێی ئەو زانیارییانەی بە دەستی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، “ئومید خاکی” چالاکوانی بواری ئایینی و خەڵکی شاری جوانڕۆ لە کۆتایی ساڵی ۱۳۹٥ بە تاوانی هاریکاری پارتێکی ئیسلامی ۴ ساڵ زیندانی بە سەر داسەپا. ناوبراو ناڕەزایەتی خۆی سەبارەت بە ڕاگرتنی لە بەندی “مێتادۆن دەرمانی” زیندانی دیزڵ ئابادی شاری کرماشان و هەروەها بەرامبەر بە ڕەتکردنی داخوازی وی بۆ ئازادی بە مەرج لە لایەن بەرپرسانی دادگاوە مانی لە خواردن گرت.

پێشتر ناوبراو لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ۹۶ لەگەڵ چوار زیندانی مەزهەبی تر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بە گواستنەوەی بۆ بەندی مێتادۆن دەرمانی مانگرتنییان ڕاگەیاندبوو.

هەروەها زیندانییە مەزهەبیێکی تر بە ناوی “قادر سەلیمی” کە لە نێو به‌شی زیندانیانی سیاسی شاری ورمێ ڕاگیراوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە رەتکردنەوەی داخوازی ئازادی بە مەرج لە لایەن دادگاوە دەستی بە مان لە خواردن کردووە.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی کوردستان، ئەو هاوڵاتییە بۆکانییە مانگی پووشپەڕی ساڵی ۹۶ لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ_وە بە تاوانی هاریکاری گرووپە تووندئاژۆ مەزهەبییەکان بە ۵ ساڵ زیندانی تەعزیری سزا درا.
شایانی باسە سێ زیندانی تری کورد بە ناوەکانی “مستەفا سەبزی”، “رەحمی تورگوت” و “بەشیر پیرماوانە”ش بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی داواکاری ئازادی بە مەرجیان لە مانگرتن دان.