حەسەن عومەرپوور، بەندکراوی کوردی خەڵکی ورمێ کە لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارەدا سزای ١٠ ساڵ بەندکران تێدەپەڕێنێت، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە (١٤ی ئاوریل) مانی لە خواردن گرتووە، هۆکاری مانگرتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ داوای لێکۆڵینەوەی دووبارە لە دۆسیەکەی و هەروەها دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست سووکایەتیکردنی داواکاری گشتیی ورمێدا بە بنەماڵەکەی.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە (١٤ی ئاوریل) ئەم زیندانییە کوردە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی بە دەستووری سەرۆکی زیندان گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و لە مافی پێوەندی و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا بنەماڵەی حەسەن عومەرپوور بە مەبەستی وەرگرتنی مۆڵەتی پشووی کاتی بۆ ئەم بەندکراوە سەردانی داواکاری گشتیی ورمێیان کردبوو، بەڵان حەسەن مەجیدی، داواکاری گشتی، بێڕێزی و سووکایەتیی پێ کردبوون.

حەسەن عومەرپوور لەگەڵ ٩ هاووڵاتیی دیکەدا لە مەودای نێوان پاییزی ١٤٠٠ـەوە تا خاکەلێوەی ١٤٠١ (سێپتامبری ٢٠٢١ تا مارسی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران و بۆ ماوەی چەند مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی هەواڵگری و سیخوڕیدا لە بەرژەوەندیی ئیسراییل» خرانە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحییەوە.

ئەم هاووڵاتییە لە کۆتایی ڕەشەمەی ١٤٠١دا (مارسی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی سێهەمی دادگای شۆرشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی هەواڵگری و سیخوڕیدا لە بەرژەوەندیی ئیسراییل» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

چوار کەس لە هاودۆسیەکانی کە هەر بەم تۆمەتە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، ڕۆژی ٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ (٢٨ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران.

ڕۆژی ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ (٢٨ی فێبرییەی ٢٠٢٤) بە فەرمانی پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ، هێزەکانی گاردی زیندان هێرشیان کردە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی ئەم زیندانە و وێڕای شێواندنی کەلوپەلی بەندکراوان، پەلاماری ژمارەیەک لە زیندانییەکانیان دا. هاوکات لەگەڵ هێرشکردنی هێزەکانی گاردی زینداندا، حەسەن عومەرپوور وەک دەنگهەڵبڕینێک لە ئاست سزای نادادپەروەرانەی خۆیدا و هەروەها لەسێدارەدانی چوار هاودۆسیەکەی و زەخت و گوشاری سەر بەندکراوان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەر دا و لە لای قاچەوە سووتا.