ئەردەوان تەهووریان و ئارش قولیزادە، دوو زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی کوردی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بێبەشکراندا لە مۆڵەتی پشووی کاتی و دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی، مانیان لە خواردن گرتووە. دەوترێت ئارش قولیزادە لە سی و سێهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی لە ژووری تاکەکەسیی زینداندا، لە دۆخێکی تەندروستیی خراپ و ناجێگیردایە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئارش قولیزادە، زیندانیی مەزهەبیی کورد کە سێهەم ساڵ لە کۆی سزای ١٠ ساڵ بەندکران تێدەپەڕێنێت، لە ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ەوە (١٥ی مارسی ٢٠٢٤) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بێبەشکراندا لە مۆڵەتی پشووی کاتی مانی لە خواردن گرتووە و دەوترێت ئێستا دۆخی جەستەیی ناجێگیرە.

ئەم بەندکراوە دوابەدوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی براوەتە ژووری تاکەکەسی و تا ئێستا لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەی بێبەش کراوە.

هەروەها ئەردەوان تەهووریان، زیندانیی سیاسیی کوردی تەمەن ٦٠ ساڵانی خەڵکی سەڵماس کە نەخۆشیی دڵ و شەکرەی لەگەڵە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویستدا و پێنەدانی مۆڵەتی پشووی دەرمانی، لە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەوە (١٥ی ئاوریل) مانی لە خواردن گرتووە. بەرپرسانی زیندان هەڕەشەیان لێ کردووە ئەگەر کۆتایی بە مانگرتنەکەی نەهێنێت لە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوەوە (١٧ی ئاوریل) ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی دەکرێت.

ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی سەلماس نزیکەی ١٥ مانگ لەمەوپێش دەستبەسەر کرا و بە تۆمەتی «هاوکاریکردن لەگەڵ گرووپە دژبەرەکاندا» سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ٧ مانگ لەمەوپێش لە زیندانی سەڵماسەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.