تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی لە ناوەڕاستی مانگی رەزبەر/ 10.07 سزای 11 ساڵ بەندکرانی “سەید ئارام ئەمین زادە”، مامۆستایەکی خەڵکی بۆکان لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ وەکوو خۆی پشتڕاست کراوەتەوە.

ئەم مامۆستا کوردە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە رێگای دامەزراندنی گروپی تووندڕەوی مەزهەبی لە تێلێگرامدا”، سزای 10 ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی” سالێک بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. بە پشت بەستن بە مادەی 134ی یاسای سزا ئیسلامییەکان ناسراو بە یاسای لێكدانی سزاکان (تجمیع احکام)، 10 سال لە کۆی ئەم سزایە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ناوبراو لە 12ی جۆزەردانی ئەمساڵ/ 2019.06.02 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گوندێکی سەربە بۆکان دەستبەسەرکرا و پاش نزیک مانگ و نیوێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ بەندیخانەی ئەم شارە گوازرابووەوە.

جێگەی ئاماژەیە، هاوکات لەگەڵ یەکلایی بوونەوەی سزاکە، بڕیاری لابران لە کارەکەشی (فەسڵ) لەلایەن فەرمانگەی پەروەردە و ڕاهێنانەوە (آموزش و پرورش) دەرکراوە و پێی ڕاگەیەنراوە.

سەید ئارام ئەمین زادە لەئێستادا بە مەبەستی تێپەڕاندنی 10 ساڵ سزاکەی لە بەندی بەندکراوانی عەقیدەتی و سیاسی بەندیخانەی ورمێدا بەند کراوە.