تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە “نامیق دڵدڵ”، بەندکراوەی مەزهەبیی سوننە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ڕەشەمە / ٠٣.١٦، پاش کۆتاییهاتنی سزای ٦ ساڵ بەندکرانی لە بەندیخانەی ڕەجای شەهر ئازادکراوە.

ئەو بەندکراوە لە چەند ساڵی ڕابردوو سەرەڕای هەموو گیروگرفتە تەندروستییەکانی مافی پێڕاگەیشتنی پزشکیی لێ زەوتکرابوو.

نامیق دڵدڵ یەکەم جار لە مانگی ڕەزبەری ١٣٨٩ / ٢٩٠١٠.٠١٠ لە شاری بۆکان دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی ١٨ مانگ بەتۆمەتی بانگەشەی مەزهەبی لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و ورمێ و بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینی تاران لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا. پاشان لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تارانەوە بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی گروپە نەیارەکان و بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی” بە ٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران سزادرا و لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٢دا / ٢٠١٣.١٢ لە بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرەج ئازادکرا.

ئەو هاوڵاتییە کوردە لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٣دا / ٢٠١٤.٠٤ جارێکی دیکە لە شاری بۆکان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینی تاران کرا. پاش ١٥ مانگ لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتگەلی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لەڕێگەی هاوکاریکردنی گروپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی، بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان بۆ چوونەدەرەوەی نایاسایی لە وڵات” بە ١٠ ساڵ بەندکران سزادرا. ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاستکرایەوە و بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. پاش پشتڕاستکردنەوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ڕەجاییشەهر گواسترایەوە.

نامیق دڵدڵ لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا / ٢٠٢٠.٠١ بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی دیار بێت لەو بەندیخانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە و پاش چەند مانگ لێکۆڵینەوە بۆ بەندیخانە گەڕێندرایەوە.

ئەو بەندکراوە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا / ٢٠١٩.٠٨ وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بە پێڕانەگەیشتنی پزشکی بۆ خۆی بەندکراوە سوننەکانی دیکە مانی لە خواردن گرت.

بوگێرەی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ بەندکراوی مەزهەبیی سوننە کە زۆربەیان کورد لە هۆڵەکانی ١١، ٢٦ و ٣٦ بەندیخانەی ڕەجایی شەهردا بەسەردەبەن.