ژمارەیەک لە مامۆستایان و زانایانی ئایینیی سوننەی کوردستان لە دووتوێی نامەیەکی هاوبەشدا بۆ سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران، ڕایانگەیاندووە کە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر مامۆستا محەممەد خزرنژاددا دوورە لە دادپەروەری و وێڕای ڕەتکردنەوەی هەموو تۆمەتە هەڵبەستراوەکان، داوای ئازادکردنی ئەم مامۆستایەیان کردووە.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی ٤٥ ساڵانی کورد کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

نوسخەیەک لەو نامەیە کە بە مەبەستی بڵاوکردنەوە نێردراوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لێرەدا بخوێننەوە:

بەڕێز سەرۆکی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران!

سڵاو

لەگەڵ ڕێزماندا، ئێمە واژۆکەرانی ئەم نامەیە، وەکوو ژمارەیەک لە مامۆستایان و زانایانی ئایینیی سوننەی کوردستان، سەبارەت بە سەپاندنی سزای نادادپەروەرانەی لەسێدارەدان و بەندکران بەسەر مامۆستای خەڵکی و دڵسۆز مامۆستا مەلا محەممەد خزرنژاددا، سەرنجی بەڕێزتان و بەرپرسانی تری دەزگای دادوەری و هەروەها بەرپرسانی ئەمنی بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕادەکێشین:

١. قورئانی کەریم لە ئایەی ٨ی سوورەی مائیدەدا دەفەرمێت:

«يَـٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ كُونُوا۟ قَوَّ‌ٰمِينَ لِلَّهِ شُهَدَآءَ بِٱلْقِسْطِ ۖ وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَـَٔانُ قَوْمٍ عَلَىٰٓ أَلَّا تَعْدِلُوا۟ ۚ ٱعْدِلُوا۟ هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَىٰ ۖ وَٱتَّقُوا۟ ٱللَّهَ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ خَبِيرٌۢ بِمَا تَعْمَلُونَ.»

ئەی ئیمانداران! لەبەر خودا داد و یەکسانی بگرنە بەر و شایەتی لەسەر دادپەروەری بدەن؛ نابێ دوژمنایەتیی گرووپێک واتان لێ بکات دادپەروەری پشتگوێ بخەن. دادپەروەری بگرنە پێش کە بە تەقوا نزیکترە و تەقوای خودا بگرنە پێش، بێگومان خودا ئاگای لە کردارتان هەیە.

بە گەڕانەوە بۆ فەرمانی ڕاشکاوانە و ڕوونی ئەم ئایە شەریفە، ڕایدەگەیەنین کە مامۆستا محەممەد خزرنژادی بۆکانی لە زانایان و مامۆستایانی دڵسۆز و خۆشەویستی ناو خەڵکە کە زیاتر لە سی ساڵە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ بەرنوێژی و وانەوتنەوە و پەروەردەکردنی فەقێ و قوتابیی زانستە ئایینییەکان. مامۆستا محەممەد لە رووی فیکرییەوە مرۆڤێکی میانەڕەوە و هیچ کات کەسێکی توندڕەو و تەکفیری نەبووە و قەت خوازیاری خۆجیاکردنەوە لە خوێنەواری و بۆچوونی سەرەکیی موسڵمانان نەبووە و نییە.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد بە پشتبەستن بە ئایەی «وَكَذَٰلِكَ جَعَلْنَاكُمْ أُمَّةً وَسَطًا لِتَكُونُوا شُهَدَاءَ عَلَى النَّاسِ وَيَكُونَ الرَّسُولُ عَلَيْكُمْ شَهِيدًا …» هەمیشه باوەڕی بە کار و چالاکیی میانەڕەوانە بووە و هەموو ئاشنایان و دۆستان و خەڵکی ناوچەکە شایەتی بۆ ئەم ڕاستییە دەدەن.

٢. بەپێی ناوەرۆکی دۆسیەکە، مامۆستا تۆمەتبار کراوە بە ئەندامبوون لە ڕەوتە تەکفیری و توندڕەوەکانی وەک داعشدا. ئێمە لەوپەڕی باوەڕدا و بە گەڕانەوە بۆ پێشینە و چالاکییە ئاشکرا و ڕوونەکانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، ڕایدەگەیەنین کە ئەم جۆرە تۆمەتانە بەتەواوی دوورن لە ڕاستی و ئەم کەسایەتییە دڵسۆزەی سوننە نەتەنها ئاوا بیر و بۆچوونگەلێکی نەبووە و نییە، بەڵکوو بە درێژایی ژیانی خۆی بۆ پەرەپێدانی باوەڕی میانەڕەوانە و فیکر و مەنهەجی وەسەتییەت هەوڵی شێلگیرانە و نەبڕاوەی داوە و ڕێگریی کردووە لە پەیوەستبوونی ژمارەیەکی زۆر لە لاوان بە گرووپە توندڕەوەکانی وەک داعش. هەروەها بە درێژایی ساڵان، لە وتار و خوتبەکانی نوێژی هەینیدا لایەنە توندڕەو و تەکفیرییەکانی ڕەت کردووەتەوە و خەڵکی بانگهێشت کردووە بۆ دوورکەوتنەوە لە بیروڕای داعشی و تەکفیری.

٣. بەپێی مادەی ١٦٥ی یاسای بنچینەیی (دەستوور)، دادگا دەبێ ئاشکرا بەڕێوە بچێت. بە داخەوە نەتەنها ئەم مادەیەی دەستوور لەم دادگایەدا ڕەچاو نەکراوە، بەڵکوو مامۆستایەک بەو هەموو پێشینە و مێژووەی وانەخوێندن و پاشانیش سی ساڵ مامۆستایەتی و بەرنوێژی و بەرپرسایەتیی قوتابخانەی ئایینی و پەروەردەکردنی دەیان فەقێ و قوتابیی زانستە ئیسلامییەکان، لە باتیی دادگای تایبەتی مەلایان، لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیدا موحاکەمە کراوە و ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیبە یاساییەکانی دادگای تایبەتی مەلاکان لەمەڕ تایبەتمەندیی مامۆستایان و زانایانی ئایینییە. هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە ڕێگای دڵفراوانی و دووربینیی جەنابتانەوە ڕێکارێک بگیرێتە بەر تاکوو دادوەرانی بەڕێزی دیوانی باڵا، لە پێناو مەسڵەحەتی حکومەت و گەلدا و بە مەبەستی بەهێزکردنی یەکێتیی نێوان کۆمەڵانی خەڵک، هەروەها بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەهرەمەندبوونی دوژمنانی ئایین، بە زووترین کات ئەو سزایە هەڵبوەشێننەوە و دۆسیەکەی مامۆستا بنێرنە بەردەم دەسەڵاتێکی خاوەن ئەهلییەت کە هەمان دادگای تایبەتی مەلایانە و سەرلەنوێ و لە ڕەوتێکی دادپەروەرانەدا و بە پشتبەستن بە مادەی ٣٧ی یاسای بنچینەیی و قاعیدەی فیقهیی اصالة البرائة، بێبەریبوونی مامۆستا محەممەد لە هەموو تۆمەتە هەڵبەستراوەکان ڕابگەیەنن و بەم جۆرە بەڕێزیان بگەڕێتەوە بۆ ناو خەڵک و بنەماڵەکەی.