به پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، هاووڵاتییه‌كی یارسان (ئەهلی‌حەق) و ئه‌ندامی شۆرای شاری ئه‌ڵوه‌ند له پارێزگای قه‌زوێن، به تۆمه‌تی «سووکایەتیكردن» به حوجه‌تولئیسلام مه‌سعود مه‌هده‌وی، ئیمام جومعه‌ی ئه‌م شاره، سزای ٤٠ قامچی بۆ بڕایەوە.
به پێی ڕاپۆرتی كاناڵی تێلێگرامیی “شۆرای ڕاوێژكاریی چالاكانی مه‌ده‌نیی یاری” (ئه‌هلی حه‌ق)، ئه‌م ئه‌ندامه‌ی شۆرای شار وەک دەربڕینی ناڕه‌زایه‌تی لە بەرانبەر سووکایەتیكردنی حوجه‌تولئیسلام مه‌هده‌ویدا کە پێڕەوانی ڕیبازی ئه‌هلی حه‌قی بە ناپاک وەسف کردووە، وتوویه: “كه‌سێك سووکایەتی به ئه‌هلی حه‌ق و بیر و بڕوای خه‌ڵكانی تر بكات، خۆی ناپاك و پیسه”. ئه‌م قسانه‌ی ئیمام جومعه و ده‌ركردنی ئه‌م سزایه بۆ ئه‌ندامی به‌پێشینه‌ی شۆرای شار، بووه‌ته هۆی کەوتنەوەی شه‌پۆلێكی نوێی ناڕه‌زایه‌تی لە كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌هلی حه‌ق به‌تایبه‌تی له پارێزگای قه‌زویندا. له درێژه‌ی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌دا له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا كه‌مپه‌ینێك به ناوی «ئه‌هلی حه‌ق لایەنگری قەدەمییە» له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كه‌وتۆتە ڕێ.
به پێی ڕاپۆرتی ئه‌م كاناڵه تێلێگرامییه، ئه‌م كه‌مپه‌ینه دوابه‌دای بڵاوبوونه‌وه‌ی سووکایەتیكردنی ئیمام جومعه‌ی ئه‌لوه‌ند به په‌یڕه‌وانی ئه‌هلی حه‌ق له ڕێكه‌وتی ١٤ی مانگی گوڵاندا، ژماره‌یه‌ك له نوێنه‌ران و گه‌وره‌كانی ئه‌م ئایینه به ئاماده‌بوونیان له شوێنی كاری ئیمام جومعەدا، ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان بەرانبەر به‌و قسانە ده‌ربڕی. به‌ڵام مه‌سعود مه‌هده‌وی له‌م دیداره‌دا به بچووككردنه‌وه‌ی بیر و باوه‌ڕی ئه‌هلی حه‌ق و ناوزه‌دكردنی ئه‌م ئایینه به ناوی «علی‌اللهی» و ئاماژەكردن به فتوادەرانی ئایینی شیعە، كه یه‌ك له‌وانه ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامی بوو، شوێنكه‌وتوانی ئایینی یارسان یان ئه‌هلی حه‌قی به ناپاك و پیس ناو برد.
ناوبراو له‌م دیداره‌دا ناڕه‌زایه‌تی خۆی بەرانبەر به هه‌ڵبژاردنی شاره‌دارێك له ناو كومه‌ڵگه‌ی ئه‌هلی حه‌قەوە بۆ شاری “بیدێستان”ی پارێزگای قه‌زوێن ڕاگەیاند و داوای ده‌ركردنی ئەندازیار عه‌لی قه‌ده‌می، ئه‌ندامی ئه‌هلی حه‌قی شۆرای شاری ئه‌لوندی كرد كه گوایه سووکایەتیی به ئه‌و كردووه.
به پێی ڕاپۆرتی ئه‌م كه‌مپه‌ینه تێلێگرامییه و گێڕانه‌وه‌ی یه‌كێك له ئامادەبووانی ئه‌م دیداره، نوێنه‌ران و گه‌وره‌كانی كومه‌ڵگه‌ی ئه‌هلی حه‌ق داوایان له ئیمام جومعه كردووه داوای لێبوردن له كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌هلی حه‌ق بکات، به‌ڵام وه‌ڵامی حوجه‌تولئیسلام مه‌هده‌وی ئه‌مه بووه: ئه‌گه‌ر وا ئه‌زانن سووکایەتیتان پێ كراوه بڕۆن سكاڵام لەسەر تۆمار بكه‌ن.
به وته‌ی چالاكانی مه‌ده‌نی، له حاڵی حازردا دۆسییه‌یه‌ك براوه‌ته به‌رده‌م دادگای تایبه‌تی مامۆستایانی ئایینی و هاوكات لەگەڵ ئەمەدا نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌هلی حه‌قی پارێزگای قه‌زوێن بە پاڵپشتیی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌هلی حه‌قی پارێزگا و شاره‌كانی تر، نامه‌یه‌كی سەرئاوه‌ڵایان بۆ كاربه‌ده‌ستان و به‌رپرسانی دادوەریی پارێزگا و وڵات نووسیوه و داوایان كردووە كۆتایی به سووکایەتیكردن و هه‌ڵئاواردنی شوێنكه‌وتووانی ئه‌م ئایینه بهێنرێت.
“یارسان” یان “ئه‌هلی حه‌ق” ئایینێكه له سه‌ده‌ی ٧ی كۆچی‌دا له لایه‌ن حه‌زره‌تی سوڵتان سه‌هاك له ناوچه‌ی هه‌ورامانی كوردستان بناغه‌ی دانراوه. ڕێژەی په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه له ئێران له یه‌ك تا سێ میلیۆن كه‌س مەزەندە ده‌كرێت. ناوه‌ندی كۆبوونه‌وه‌ی په‌یڕه‌وانی ئایینی یاری له پارێزگای كرماشانه و هەندێکیشیان بە شێوەی چڕ یاخود پەرتەوازە له پارێزگاكانی لوڕستان، هه‌مه‌دان، كوردستان، ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات، قه‌زوێن، ئه‌لبورز، تاران، گیلان، مازه‌نده‌ران و … ژیان ده‌كه‌ن.
كۆمه‌ڵگه‌ی یاری یه‌كێكە لەو كه‌مینه ئایینی و مه‌زهه‌بییانەی ئێران کە له ژێر سه‌ركوتکردن و هه‌ڵاواردندان و ته‌نانه‌ت له یاسای بنه‌ڕه‌تیشدا به فه‌رمی نه‌ناسراون. له ساڵی ١٣٩٢ی هه‌تاویدا سێ كه‌س له په‌یڕه‌وانی ئایینی یاری بە نیشانەی ناڕه‌زایه‌تی به‌رانبه‌ر به هه‌ڵاواردن و سووکایەتیكردن بە پێڕه‌وانی ئه‌م ئایینه خۆیان سووتاند و گیانیان له‌ده‌ست دا.
بەناپاكزانینی یارییه‌كان و به‌هاییه‌كان و… له لایه‌ن فتوادەرانی شیعه و به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامییەوە، جگه له‌وه‌ی مافە ئینسانی و مەدەنییەکانیان بەپێی یاسا لێ زه‌وت کردوون، بەڵکوو ته‌نانه‌ت ژیان و هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژانه‌ی ناو كۆمه‌ڵگه‌یشی بۆ باوه‌ڕمه‌ندان و پێڕه‌وانی ئه‌م ئایینه سه‌خت و دژوار كردۆتەوه.