لە یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٢ چالاکی مەزهەبیی خەڵکی بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم کەسانە لە کاتی دەستگیربوونەوە تا ئێستا مۆڵەتی پێوەندیگرتن یان دیداری بنەماڵەکانیان پێ نەدراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بۆکانەوە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە یەک مانگی ڕابردوو و لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی چالاکە مەزهەبییەکانی شاری بۆکاندا، لانیکەم ١٢ کەس کە لە نێویاندا چەندین مەلای ئایینیش دەبینرێت، بە دەستی هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراون».
ئەم سەرچاوەیە ناسنامەی ٥ لەم گیراوانەی ئاوا ڕاگەیاند: ئیسماعیل حسەین‌پەروەری، تاهیر شێخی، مامۆستا ئامانج (گوندی ئەمیرئاوا)، ئەمیر زکالاب و مامۆستا فایەق شەریعەت‌پەنا (ئیمام جومعەی گوندی حاجیاوا).
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم کەسانە گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و تا ئێستا مۆڵەتی پێوەندیگرتن یان دیداری بنەماڵەکانیان پێ نەدراوە.