کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بە بۆنەی نۆهەمین ساڵڕۆژی خۆسووتاندنی ناڕەزاییانەی سێ کەس لە پێڕەوانی ئایینی یاری، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی نیکموراد تاهیری، حەسەن ڕەزەوی و محەممەد قەنبەری، جەختی لەسەر دەستەبەرکردنی مافە ئینسانی و مەدەنییەکانی یارسان کردەوە.

لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: «ئەو جووڵەیەی کە دەسپێکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جۆزەردانی ١٣٩٢ (ژوەنی ٢٠١٣) ڕابوون و مافخوازیی کولتووری یارسانی زیاتر و زێدەتر لە هەمیشە بەرجەستە کردەوە و بگرە تەنانەت بوو بە سەرچەشنێک بۆ مافخوازیی ئەو کۆمەڵگایانەی لەڕووی فیکری و جوگرافیاییەوە هاوسنوورن لەگەڵ یارساندا. ئایینی یاری ئەگەرچی بە درێژایی هەموو مێژووی خۆی بە ئاشتیخوازی، لێکبوردن و ئاسانگیری بەناوبانگ بووە، بەڵام لەم باوەڕ و کردارەدا ملدان بە ژێرچەپۆکبوون و تەسلیمبوون لە بەرانبەر زۆر و ستەمیشدا هیچ جێگایەکی نەبووە، ئەگەر تەنانەت بووبێتە هۆی سەربەخشین و گیانبەختکردنیش».

لە مانگەکانی گوڵان و جۆزەردانی ١٣٩٢ (مەی و ژوەنی ٢٠١٣) سێ کەس لە پێڕەوانی ئایینی یاری لە شارەکانی هەمەدان و تاران خۆیان سووتاند و گیانیان بەخت کرد. حەسەن ڕەزەوی، هاووڵاتیی تورکی خەڵکی گوندی «پول شکەستە»ی هەمەدان لە ڕێکەوتی ١٣ی جۆزەردان (٤ی ژوەن) لە بەردەم قایمقامییەتی هەمەدان، نیکمەرد تاهیری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەحنەی کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٤ی جۆزەردان (٥ی ژوەن) و محەممەد قەنبەری، هاووڵاتیی تورکی خەڵکی گوندی «قەرەداش»ی قەزوین، نزیکەی دوو مانگ دواتر لە چالاکییەکی هاوشێوە و ئەم جارە لە بەردەم بینای پەرلەمانی ئێراندا لە تاران، ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر دا و گیانیان لەدەست دا.

ئەم زنجیرە خۆسووتاندنە ناڕەزایەتییانە پەرچەکردارێکی مەرگاوی بوو لە بەرامبەر ئەو هەڵاواردنە یاساییانەی ڕووبەڕووی خەڵکی یارسان دەکرێتەوە، هەروەها ناڕەزایەتی بوو لە بەرامبەر سووکایەتیکردن بە دابونەریتەکانیان کە یەکەم جار و بە دیاریکراوی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست تاشینی ئیجباریی سمێڵی یەک لە پێڕەوانی ئایینی یاری لە زیندانی هەمەداندا کڵپەی سەند. بەپێی دەستوورێکی ئایینی یاری، شاربی پیاوانی یارسان مۆرومۆم کراوە و هەر بۆیە تاشینی سووکایەتییە بە باوەڕمەندانی ئەم ئایینە. بەڵام ئەمە تاکەحاڵەتی ئەم جۆرە لە هەڵسوکەوتی هەڵاواردنکاری یاسایی و مامەڵەکردنی سووکایەتیئامێز لە لایەن حکوومەت و بەرپرسانی دەوڵەتییەوە لە بەرانبەر پێڕەوانی ئەم کەمایەتییە ئایینییەدا نییە.

دوابەدوای ئەم خۆسووتاندنە دڵتەزێنانە کە گیانلەدەستدانی سێ کەسی لێ کەوتەوە، ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی یارسان هەستیان بەوە کرد بۆ ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتییەکانیان لە بەرانبەر هەوڵاواردنی دژ بە کۆمەڵگای یارسان و هەروەها دامەزراندنی ڕێکخراوێک بۆ خستنەبەردەست و بەدواداچوونی داواکارییەکانیان، پێویستە هەنگاوێکی یەکگرتوو هەڵبگرن. دواجار لە گەلاوێژی ١٣٩٢دا (ئاگۆستی ٢٠١٣) نزیکەی سەد کەس لەم چالاکانە لە کرماشان کۆ بوونەوە و ڕێکخراوێکیان لەژێر ناوی «کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان»دا دامەزراند تاکوو بە هەموو ڕێگایەکی مومکین و بە شێوەیەکی هێمنانە و مەدەنی بەدوای داواکارییەکانی کۆمەڵگای یارساندا بچێت.

کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە سەرەتای دەستپێکردنی چالاکییەکانیەوە تا ئێستا چەندەها نامەی سەرئاوەڵای ئاڕاستەی بەرپرسە حکوومییەکانی ئێران و لەوانە ڕێبەر و سەرکۆمار کردووە. ناوەرۆکی هەموو ئەم نامانە داواکاری بووە بۆ کۆتاییهێنان بە هەڵاواردنی دژ بە کۆمەڵگای یارسان و ناسینی فەرمیی ئەم کەمایەتییە ئایینییە لە یاسای بنچینەیی ئێراندا. هیچکام لەم نامانە وەڵامیان وەرنەگرتووە و تەنانەت بەڵێنەکانی بەرپرسانیش بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانیان هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەی لە باشترکردنی دۆخی ژیانی ئەم خەڵکەدا دروست نەکردووە.

یارسان لە ڕیزی ئەو کەمایەتییە ئایینییانەی ئێراندایە کە لە دەستووردا وەک ئایینێکی سەربەخۆ دانی پێدا نەنراوە و پێڕەوانی ئایینەکە لە زۆربەی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بێبەش دەکرێن.

خەڵکی یارسان زیاتر لە پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان، هەمەدان، کوردستان، ئازەربایجان، قەزوین، ئەلبورز، تاران، گیلان، مازەندەران و… ژیان دەکەن. لەم نێوانەدا پارێزگای کرماشان وەک ناوەندی سەرەکیی یارسان دەناسرێت. گەرچی هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی پێڕەوانی ئەم ئایینە لە بەردەستدا نییە، بەڵام لە سەرچاوە جیاوازەکاندا ژمارەی یارسانەکانی ئێران لە میلیۆنێکەوە تا سێ میلیۆن مەزەندە کراوە.

بۆ بینینی کۆی دەقی بەیاننامەکە بە زمانی فارسی سەیری ئەم لینکە بکە: