نیوەڕۆی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕ چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی بێهرووز (ڕێبین) ڕەحیمی لە نزیک شاری سلێمانی بە دەستی کەسانێکی نەناسراو کوژرا.

بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆییانەی لە کامێراکانی چاودێریی شوێنی ڕووداوەکە وەرگیراوە و بڵاو کراوەتەوە، کەس یان کەسانێک لە نێو ئۆتۆمبیلێکی جۆری ”بی ئێم ڤێ”ی جام ڕەش و بێژمارەوە دەکەونە دوای ئەم چالاکە سیاسییە و بە چەکی دەمانچەی دەنگبڕ تەقەی لێ دەکەن.

زوڵەیخا ناسری، هاوژینی ئەم چالاکە سیاسییە، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند: «کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕ ڕێبینی هاوسەرم دوای کۆتاییهاتنی کارەکەی لە گەڕەکی ژاڵەی نزیک شاری سلێمانی و لە کاتی ڕۆشتندا بەرەو شوێنی حەسانەوە، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە لە نێو ئۆتۆمبیلێکی جۆری ”بی ئێم ڤێ”ی جام ڕەش و بێژمارەوە کراوەتە ئامانج و تیرۆر کراوە».

بە وتەی ناوبراو، گوللەیەک لە پشتەوە بەر ڕێبین ڕەحیمی کەوتووە و زیاتر لە ساعات و نیوێک لەو شوێنەدا لەسەرخۆ چووە و دواتر کرێکارەکان دۆزیویانەتەوە، بەڵام دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەکی سلێمانی بە هۆی خوێنلەبەرچوونی زۆرەوە گیانی لەدەست داوە.

ڕۆژی ڕابردوو تەرمی ئەم چالاکە سیاسییە دوای پشکنینی پزیشکی لە پزیشکیی دادی سلێمانی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و هەر لەم شارە ئەسپەردە کراوە.

ڕێبین ڕەحیمی، لەدایکبووی ١٣٥٢ی شاری سنە، لە ساڵی ١٣٨٦ ـەوە چالاکییە سیاسییەکانی خۆی لە شاری سنەوە دەست پێ کرد و ساڵی ١٣٩١ لەبەر زەخت و گوشاری دەزگا ئەمنییەکان بە ناچار ئێرانی بەجێ هێشت و سەرەتا لەگەڵ هاوسەرەکەی لە شاری هەولێر ناوی خۆیان وەک پەناخوازی سیاسی لە نووسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کرد و وەک پەناخوازی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە قەڵەم دران.

هاوژینی ئەم چالاکە سیاسییە دەڵێت بە درێژایی ساڵانی نیشتەجێبوونیان لە هەرێمی کوردستان دەزگا ئەمنییەکان چەندین جار هەڕەشەیان لێ کردوون: «لەبەر چالاکییە سیاسییەکانمان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەمان لێ کراوە و لە چەند مانگی ڕابردوویشدا لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیامی هەڕەشەمان بۆ نێردراوە».

زوڵەیخا ناسری لە درێژەدا وتی: «دیمەن و وێنەی هێرشبەرەکان لە چەندین کامێرای چاودێریی شوێنی کارکردنی هاوسەرەکەم تۆمار کراوە، هەر بۆیە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێ بە زووترین کات بەرپرسایەتیی خۆیان لە ئاست دۆزینەوەی بکوژەکاندا جێبەجێ بکەن».

 لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسیی کوردی دانیشتووی هەرێمی کوردستان بە دەستی تیمەکانی تیرۆری دەرەوەی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی کوژراون. ئێقباڵ مورادی، چالاکی سیاسیی کورد و باوکی زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراو زانیار مورادی، یەک لەو کەسانەیە کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧دا بە دەستی کەسانی نەناسراو لە شاری سنووریی پێنجوێنی هەرێمی کوردستان تیرۆر کرا. پێش لەوەیش هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران جارێکی تر هەوڵیان دابوو ناوبراو لە هەرێمی کوردستان تیرۆری بکەن.