بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو، هەینی ٢١ی گەلاوێژ (١٢ی ئاگۆست)، لە ناوچەی سنووریی «شێخ سەلە»ی شاری سەلاسی باوەجانیی پارێزگای کرماشان، دەستەیەک کۆڵبەر لە کاتی گەڕانەوە لە سنوور کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە کە لە ئەنجامدا لاوێکی کۆڵبەر بە ناوی محەممەد نادری کوژرا.

محەممەد نادری، ٢٣ ساڵان، خەڵکی گوندی «هەنجیر خوارو» و دانیشتووی شاری تازاوا بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەلاسی باوەجانییەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو دەستەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی «شێخ سەلە» لە کاتی گەڕانەوە لە سنوور بەبێ ئەوەی هیچ کاڵایەکی بیانییان پێ بێت لە مەودای نزیکەوە کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە. لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا گوللە بەر سەری محەممەد نادری کەوت و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا و تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکیی دادی شاری سەرپێڵ زەهاو کرا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، نیوەڕی ئەمڕۆ و دوای کۆتاییهاتنی پشکنین و توێکاری، تەرمی ئەم کۆڵبەرە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە لە زادگەکەی خۆی لە گوندی «هەنجیر خوارو»ی سەلاسی باوەجانی ئەسپەردە کرا.

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد، ئەو کەسەی تەقەی لەم کۆڵبەر کردووە و کوشتوویەتی تا ئێستایش لێکۆڵینەوەی یاسایی لێ نەکراوە و لە سەربازگەکەی سپادایە.