بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش خۆپیشاندەرێکی ٢٣ ساڵانی خەڵکی ورمێ بە ناوی فەرجاد دەروێشی لە ناو خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزاییانە لە گەڕەکی وەلی عەسری ورمێ کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و کوژرا.

دەوترێت ئەم خۆپیشاندەرە لە حاڵێکدا کە بە قورسی بریندار ببوو براوەتە ناوەندێکی پزیشکیی شاری ورمێ، بەڵام لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست داوە.

ساتی برینداربوونی ئەم خۆپیشاندەرە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینیدا، تا ئێستا ٤ خۆپیشاندەر بە ناوەکانی موحسین محەممەدی، فەرەیدوون مەحموودی، ڕەزا لوتفی و فەرجاد دەروێشی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.