ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی گەڵاڕێزان (٢٧ی ئۆکتۆبر) دوابەدوای بەشداریکردنی بەربڵاوی خەڵک لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئیسماعیل مەولوودی، هاووڵاتیی ٣٥ ساڵانی خەڵکی مەهاباد کە شەوی پێشووتری بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانەکانی چلەی ژینا ئەمینی لەم شارەدا کوژرابوو، شاری مەهاباد بووە مەیدانی خۆپیشاندانی بەربڵاوی جەماوەری.

لەم خۆپیشاندانانەدا کە بە بەشداریی هەزاران کەس بەڕێوە چوو و زۆربەی شوێنەکانی ئەم شارە، بەتایبەت بەردەم ناوەند و بینا حکوومییەکانی گرتبۆوە، هێزەکانی پۆلیس و سپای پاسداران تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد کە لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی کوبرا شێخە ٥٢ ساڵان، زانیار ئەبووبەکری و شاهۆ خزری بە گوللەی چەکی شەڕی هێزەکانی سپای پاسداران کوژران.

سەرەڕای گرفتی جیدی و قورس لە ئینتەرنێتی شاری مەهاباددا، سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێن خۆپیشاندانەکان بەردەوامە و دۆخی شارەکە بەتەواوی سەربازی و ئەمنییە.

هەروەها سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مەهاباد باس لە برینداربوونی لانیکەم ٩ کەس لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم شارەدا دەکەن. ئەم کەسانە کە دەوترێت لە دۆخێکی تەندروستیی ناجێگیردان، بوونەتە ئامانجی گوللەی چەکی شەڕی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت و ئێستە لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد ڕاگیراون.