دوانیوەڕۆی یەکشەممە ٦ی سەرماوەز (٢٧ی نۆڤامبر) شۆڕش نیکنام، هاووڵاتیی ٣٣ ساڵان کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٧ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مەهاباددا بریندار ببوو، بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی سەیدولشوهەدای ورمێ گیانی لەدەست دا. هەر لەم ڕۆژەدا ڕەزا کازمی، منداڵی ١٦ ساڵان کە لە ڕێکەوتی ١ی سەرماوەزدا (٢٢ی نۆڤامبر) بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار ببوو، بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شۆڕش نیکنام لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزاندا (١٧ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی پشت تەپی مەهاباددا کەوتە بەر گوللەی شەڕی هێزەکانی سپای پاسداران و بە قورسی بریندار بوو. ناوبراو لە دە ڕۆژی ڕابردوودا لە نەخۆشخانەی سەیدولشوهەدای ورمێ لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیدا خەوێنرابوو.

ئێوارەی ١ی سەرماوەز تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە منداڵێکی ١٦ ساڵان بە ناوی ڕەزا کازمی لە نزیک شارۆچکەی مووچشی پارێزگای کوردستان بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار بووە. ئەم منداڵە دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە لەبەر قورسبوونی برینەکانی چووبووە حاڵەتی کۆماوە و ڕۆژی یەکشەممە ٦ی سەرماوەز (٢٧ی نۆڤامبر) بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێرانەوە لە دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی، تا ئێستا لانیکەم ١٠٩ هاووڵاتیی کورد لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شار و گوندەکانی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێراندا بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. ١٢ کەس لە گیانبەختکردووان منداڵ بوون.