لە رۆژانی رابردوودا و لە ئاکامی دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنورییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، كۆڵبه‌رێك کوژرا و دووانی دیکەش بریندار بوون.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کەوتوون، رۆژی ٢٩ی گەلاوێژ/20.08.2019 هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی سنووری کێلە شینی شنۆ، گروپێک کۆڵبەری کوردیان لە مەودایەکی نزیکەوە داوەتە بەر دەستڕێژی گولە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی ٢٢ ساڵان بە ناوی محەمەد حەمیزادە دانیشتووی سەڵماس گیانی لە دەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە لە رۆژانی ٢١ و ٢٧ی گەلاوێژ، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت بە گومانی گواستنەوەی کەل و پەلی قاچاغ، تەقەیان لە دوو هاووڵاتی دانیشتووی ناوچەکە کردووە و لە ئاکامدا سادر باییەری لە گوندی قەڵەڕەش و سەدیق عەلیخانی لە گوندی بێژوێ بریندار بوون.
دەگوترێ سەدیق عەلیخانی لە کاتێکدا کەوتۆتە بەر ئەو هێرشە کە سەرقاڵی کاری رۆژانەی خۆی و کۆکردنەوە “مازوو” بووە لە ناوچەکە.

بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆ کراونەتەوە، لە سەرەتای گەلاوێژی ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا، پێنج کۆڵبەر و کاسبکاری سەر سنوورەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و لانیکەم ۱۰ کۆڵبەر و هاووڵاتی ئاسایی دیکەش بریندار بوون. هەروەها کۆڵبەرێکیش بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی ناوچەی سنوورییەکانی هەورامان بریندار بووە.

سه‌دیق عه‌لیخانی