لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو کۆڵبەر بەهۆی دەسڕێژی گولـلەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی و کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار و مەریوان برینداربوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ ڕێبەندان / ٠١.٣٠، پۆلێک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی پاسەوانیی سنووری کۆماری ئیسلامییەوە دراونەتە بە ر دەسڕێژی گولـلەی و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بەناوی “محەمەد ئیزەدی” برینداربووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکە کە بە تۆڕ گەیشتووە، ڕۆژی ڕابردوو ١٤ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٣، کۆڵبەرێک بەناوی “محەمەد ڕەحمانی” خەڵکی گوندی «لۆن سادات»ی شاری کامێران پاش ئەوەی لەلایەن هێزەکانی پاسەوانیی سنوریی کۆماری ئیسلامییەوە ڕاونراوە لە بەرزاییە سنوورییەکانی مەریوانەوە کەتووەتە خوارەوە و بریندرابووە.

محەمەد ڕەحمانی لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشان لە ژێر چاودێریی پزیشکی دایە و دۆخی تەندروستییەکەی ناجێگریرە.

پێشتر شەوی ١١ی ڕێبەندان / ٠١.٣١، پۆلێکی ٢٣کەسیی کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی سنووریی “سەرشیو”ی سەقز گرفتاری بەفر و سەرما بوون و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بەناوی “عوسمان فوتوحی“، تەمەن ٥٥ ساڵ و باوکی ٥ منداڵ گیانی لە دەستدا. ٢٢ کۆڵبەرەکەی دیکە لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە دۆزرانەوە و ڕزگار کران.