رۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٧ی ڕه‌زبه‌ر، لە ئەنجامی تەقەی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووری ئێرانەوە له ناوچه‌ی سنووریی چاڵدۆرانی پارێز‌گای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، كۆڵبه‌ره‌ك به ناوی ئەمین شه‌مس كوژراوه و دوای ئەوەی تەرمی ئه‌م هاووڵاتییه كورده گواستراوەتەوە بۆ پزیشكیی یاسایی چاڵدۆران، بنه‌ماڵه‌کەی ناچار كراون بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمی كوڕه‌كه‌یان دوو میلیۆن تمه‌ن پارەی فیشەک بده‌ن.
ئه‌مین شه‌مس، خه‌ڵكی گوندی «کشمیش‌تەپه»ی ماكۆ، ته‌مه‌نی ٢٧ ساڵ و باوكی ٢ منداڵ بووه، یه‌كێك له منداڵه‌كانی ته‌نیا ٢٠ ڕۆژ ته‌مه‌نیه‌تی.
سه‌چاوه‌یه‌كی نزیك له بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م كۆڵبه‌ره كه لەبەر هۆکاری ئەمنی نه‌یویست ناوی ئاشكرا بکرێت، به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «كاتژمێر ٢.٣٠ ده‌قه‌ی ده‌مه‌وبه‌یانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٧ی ڕه‌زبه‌ر، هێزه‌کانی پاسەوانی سنووری پاسگای میله ٩٠ی چاڵدۆران به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشتر له مه‌ودایه‌كی نزیكه‌وه كاروانێكی كۆڵبه‌رانیان دایه به‌ر دەسترێژی گوللە و لە ئەنجامدا ئه‌مین شه‌مس سێ گولله‌ی به‌ركه‌وت و ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ست دا».
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یە، هێزه‌کانی پاسەوانی سنوور دوای كوشتنی ئه‌م كۆڵبه‌ره دەستیان بەسەر باره جگەرەکەیدا گرتووە و چه‌ند كه‌سیشیان ناچار كردووە ته‌رمی ناوبراو بگوێزنه‌وه بۆ دۆڵێكی دوور له پاسگاكه.
ڤیدیۆیه‌ك له ته‌رمی ئه‌م كۆڵبه‌ره له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاو بووه‌ته‌وه كه له‌و ڤیدیۆیه‌دا خه‌ڵكی ناوچه‌که هەواڵەکان لەسەر ئەوەی کە هەڵگرتنی باری جگەرە هۆکاری کوشتنی بووە و تەرمەکەی گوازراوەتەوە بۆ شوێنێكی دیكه، پشتڕاست دەکەنەوە.
ئه‌م سه‌رچاوه هه‌روه‌ها ئەوەشی وت کە بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەم کۆڵبەرە کوژراوە، بڕی دوو میلیۆن تمه‌ن پارەی گوللەیشیان له بنه‌ماڵه‌کەی وەرگرتووە.
ئه‌م سه‌رچاوه ئاگاداره له دواییدا وتی: «له ساڵانی ڕابردوودا به‌هۆی پەرەسەندنی ڕێژەی بێكاری له‌م ناوچه‌یەدا ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكی ناوچه‌کە ڕوویان كردۆته كۆڵبه‌ری، هێزه سنوورپارێزه‌كانیش کە له لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه مۆڵه‌تی ته‌قه‌كردن له كۆڵبه‌رانیان پێ دراوه، به‌بێ نیگەرانی له به‌دواداچوونی یاسایی، زۆر ئاسان ده‌ست ئه‌ده‌نه كوشتنی كۆڵبه‌ران. هەندێ كاتیش ئه‌م تاوانانه هەموو سنوورەکان تێده‌په‌ڕێنێ و ئەو هێزانە تەنانەت بێ‌ڕێزی به ته‌رمی كۆڵبه‌رانیش دەکەن».
به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان كۆی كردۆ‌ته‌وه، له سه‌رەتای مانگی ڕه‌زبه‌ری ئه‌مساڵه‌وه تا ئێستا، ٢ كۆڵبه‌ر به ته‌قه‌ی هێزه سنوورپارێزه‌كانی ناوچه سنوورییه‌كانی چاڵدۆران و بانه كوژراون و لانیكه‌م ١٠ كۆڵبه‌ر و كاسبكاری كوردی دیکەش له ناوچه سنوورییەکانی سه‌رده‌شتی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، هه‌ورامانی پارێز‌گای كرماشان و بانه‌ی پارێز‌گای كوردستان بریندار بوون، هه‌روه‌ها كاسبكارێكی سه‌قزی به ناوی هیوا وه‌كیلی دوای ئەوەی هێزه‌كانی پۆلیس دوای دەکەون و لە دەستیان هەڵدێت، به ڕووداوی هاوتوچوودا گیانی له ده‌ست داوه.