شەوی چوارشەممە ٥ی جۆزەردان (٢٦ی مەی) لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراندا لە ناوچەی سنووریی ”ناوقۆپی”ی دەشتی سەرپێڵ زەهاوی پارێزگای کرماشان، کۆڵبەرێک بە ناوی قوباد ڕەحمانی گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم کۆڵبەر بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «کاتژمێر ١٢ی شەوی چوارشەممە ٥ی جۆزەردان (٢٦ی مەی) گرووپێک کۆڵبەر بەبێ ئەوەی هیچ کاڵایەکیان پێ بێت، لە ناوچەی سنووریی ”ناوقۆپی”ی دەشتی سەرپێڵ زەهاوی پارێزگای کرماشان کەوتنە بەر تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانەوە و لە ئەنجامدا قوباد ڕەحمانی کوژراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، قوباد ڕەحمانی ٢٧ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «ڕەمەکی»ی سەرپێڵ زەهاو بووە. تەرمی ئەم کۆڵبەرە تا ئێستە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. هێزە سنوورپارێزەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ناوبراو ”کاڵای قاچاخ”ی پێ بووە و دەبێ هاوڕێکانی ئەم کاڵایانە ڕادەست بکەن.