تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە دەمەوبەیانی ئەمڕۆ بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە بارخانەیەکی سووتەمەنیدا لە گوندی سنووریی «هانەگەرمەڵە»ی سەر بە نەوسوودی پارێزگای کرماشان، دوو کاسبکار بە ناوەکانی میلاد کەریمی ١٨ ساڵان و پوویا محەممەدعەزیزیان ١٦ ساڵان گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها منداڵێکی کاسبکاری تریش بە ناوی سۆران عەلیمحەممەدی تووشی سووتان بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری پاوە کراوە.

گوندی هانەگەرمەڵە لە خاڵی سفری سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە و زۆربەی دانیشتووانی ئەم گوندە لەبەر بێکاری ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری و کاسبکاری لە ناوچە سنوورییەکاندا. کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور کاڵای بیانیی وەک جگەرە، قوماش و ئامێری دەنگ و ڕەنگ لە ڕێی ئەم سنوورەوە هاوردەی ناو ئێران دەکەن و لە هەندێ حاڵەتی دەگمەنیشدا دەبەی سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن.

لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠دا (١٧ی دێسامبری ٢٠٢١) منداڵێکی کۆڵبەری خەڵکی ئەم گوندە بە ناوی سرووش ڕەحمانی دوای ئەوەی هێزەکانی یەکەی سەرسنوور دەستیان بەسەر قاترەکانیدا گرت، دەستی دایە خۆکوشتن و گیانی لەدەست دا.