لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم چوار کۆڵبەر بە هۆی دەسڕێژی گوللە و بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە کاتی ڕاوەدووناندا لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی پارێزگای کوردستان بریندار بوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ١٩ی پووشپەڕ (١٠ی جولای) کۆڵبەرێک بە ناوی ئاکۆ تەڵایی لە ناوچەی سنووریی «کێلە»ی بانە کەوتۆتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و بریندار بووە. ئەم کۆڵبەرەی خەڵکی گوندی «مەرخوز»ی سەقز لەبەر بێکاری لە ناوچە سنوورییەکانی بانە سەرقاڵی کۆڵبەریی بووە.

هەروەها دەمەوئێوارەی هەمان ڕۆژ و لە هەمان ناوچەدا، کۆڵبەرێکی تری خەڵکی سەقز بە ناوی ئەیووب جەوانیپوور لە کاتی ڕاوەدووناندا لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لە بەرزاییەوە بەر بۆتەوە و بریندار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تر، ڕۆژی ڕابردوویش کۆڵبەرێک بە ناوی سەعدی لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە کەوتۆتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و بریندار بووە. ئەم کۆڵبەرە ٢٥ ساڵیەتی و خەڵکی گوندی «تەمووغە»ی سەقزە.

هاوکات کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی ڕەشید جامخانە لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچەی سنووریی «سەرتەزێن»ی بانە بە هۆی ڕاوەدوونانەوە لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە، لە بەرزاییەوە بەر بۆتەوە و بریندار بووە.