لە یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی دوێنێ ١١ی گەڵاڕێزان (٢ی نۆڤامبەر) دەستەیەک کۆڵبەر لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لانیکەم ٩ کۆڵبەر بە گوللەی ساچمە پێکراون و بریندار بوون.

ناسنامەی ٧ کەس لەم کۆڵبەرانە بەم شێوەیە ڕاگەیەنراوە: کەیوان هووشەنگی، سیروان نادری، ئاروین (پاشناو نەزانراوە)، شەهریار (پاشناو نەزانراوە)، سەلاح (پاشناو نەزانراوە)، مەنسوور (پاشناو نەزانراوە)، و بەختیار (پاشناو نەزانراوە). بەپێی ئەو دیمەنانەی بڵاو کراونەتەوە، ئەم ٩ کۆڵبەرەی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی قودسی پاوە کراون.

پێشتر و لە شەوی ٨ی گەڵاڕێزانیشدا (٣١ی ئۆکتۆبەر) بە هۆی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانەوە لە دەستەیەک کۆڵبەر هەر لەم ناوچە سنوورییەدا، گوللەیەک بەر سەری کۆڵبەرێک بە ناوی عیرفان مورادی کەوت و بە سەختی برینداری کرد. دەوترێت دۆخی تەندروستیی ئەم کۆڵبەرە کە لەبەر سەختبوونی برینەکانی لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشاندا خەوێنراوە، ناجێگیرە.

هەروەها لە ٦ی گەڵاڕێزانشدا (٢٨ی ئۆکتۆبەر) هەر لەم ناوچە سنوورییەدا گرووپێک کۆڵبەر لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانەوە و لە ئەنجامدا لانیکەم ١٤ کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی بە گوللەی ساچمە پێکران و بریندار بوون.