ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گوڵان (١٤ی مەی) ئۆتۆمبیلی موعین تۆفێقپوور، هاووڵاتیی ٢٤ ساڵانی خەڵکی گوندی «چۆمان»ی بانە، لە نزیک ئەو گوندەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا ئەم هاووڵاتییە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی گوڵان (١٤ی مەی) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە نزیک گوندی چۆمانی بانە بەبێ ئاگادارکردنەوە و هۆشداریدانی پێشوەخت دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلی موعین تۆفێقپوور کردووە و ئەم هاووڵاتییە کوردەیان کوشتووە.

ئۆتۆمبیلەکەی ئەم هاووڵاتییە هەڵگری هیچ کاڵایەکی بیانی نەبووە و هێزە سنوورپارێزەکان بەبێ هیچ هۆکارێک دەسڕێژیان لێ کردووە.

تەرمی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە کراوە.

لە دوو حەفتەی ڕابردوودا ئەمە دووهەم حاڵەتی کوشتنی هاووڵاتیانی کوردە لە ناوچە سنوورییەکانی بانەدا کە لەژێر ناوی ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخی کاڵادا ڕوو دەدات.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٨ی گوڵاندا (٧ی مەی) هاووڵاتییەکی دیکەیش بە ناوی محەممەد قادری لە نزیک گوندی «گەورەدار»ی بانە لە مەودای چەندمەترییەوە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و گیانی لە دەست دا.

کەسێکی نزیک لەم هاووڵاتییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «محەممەد قادری، ٤٠ ساڵان، باوکی ٥ منداڵ، خەڵکی گوندی «گەورەدار» و دانیشتووی بانە بوو. محەممەد ڕۆژی ١٨ی گوڵان (٧ی مەی) بە مەبەستی دیداری بنەماڵە سەفەری ئەو گوندەی کردبوو و لە کاتێکدا کە دوو منداڵەکەی لە نزیکیەوە بوون، بە هۆکاری نادیار و لە مەودای نزیکەوە لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە دەسڕێژی گوللەی لێ کرا و گیانی لە دەست دا. دوای پێکرانیش لەسەر گاشەبەردێکەوە کەوتبووە خوارەوە.»

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو بانگەشەیە کە محەممەد قادری کاڵای بیانیی پێ بووە، وتی کە هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران هیچ هۆکارێکیان بۆ دەسڕێژکردن لەم هاووڵاتییە نەخستووەتە بەردەست، لە کاتێکدا کە محەممەد قادری کاسبکار یان کۆڵبەر نەبوو، بەڵکوو کارەباچی بوو.