ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی گەڵاڕێزان (٧ی نۆڤامبەر) کاسبکارێکی خەڵکی سەقز بە ناوی ئازاد ستارپەنا لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان، دوای دەمەقڕەیەک لەگەڵ هێزە سنوورپارێزەکاندا کەوتووەتە بەر دەسڕێژی ئەو هێزانەوە و کوژراوە. هەروەها لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوود بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە شەوی ١٦ی گەڵاڕێزان (٧ی نۆڤامبەر) ئازاد ستارپەنا، کاسبکاری کوردی خەڵکی سەقز، لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە و لە کاتێکدا کە چاوەڕێی گەڕانەوەی کۆڵبەرەکان لە سەرسنوور بوون، لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزە سنوورپارێزەکاندا تووشی دەمەقڕە بووە و یەکێک لەو هێزانە لە مەودای چەند مەترییەوە دەسڕێژی لێ کردووە. ئەم کاسبکارە لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا دەسبەجێ کوژراوە و تەرمەکەی دوای گوازرانەوە بۆ پزیشکیی دادی بانە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

ئازاد ستارپەنا، ٤٣ ساڵان، باوکی ٢ منداڵ و خەڵکی گوندی «دەرەزیارەت»ی شاری سەقز بوو.

هاوکات دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی نەوسوودی پارێزگای کرماشان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتوونەتە بەر دەسرێژی هێزە سنوورپارێزەکان کە لە ئەنجامدا لانیکەم ٦ کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە گوللەی ساچمە پێکراون و بریندار بوون.

ناسنامەی یەک لەم کۆڵبەرانە سامان عەزیزی ڕاگەیەنراوە. کۆڵبەرە بریندارەکان بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی قودسی پاوە کراون.

هەروەها شەوی دووشەممە ١٥ی گەڵاڕێزان (٦ی نۆڤامبەر) کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی سەمیع خەلیلی بە دەسرێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ناوچەی هەنگەژاڵی بانە بریندار بووە و دوای بریندارکردنیش کەوتووەتە بەر ئەشکەنجە و لێدانی ئەم هێزانەوە. سەمیع خەلیلی کە لە لای قاچ و سینەوە بریندار بووە، بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکان کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە دوو حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٣١ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود و بانەی پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان بە دەسرێژی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بوون.