ئەسعەد حەسەنپوور، کۆڵبەری ٢٥ ساڵانی خەڵکی سەقز کە شەوی ڕابردوو لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار ببوو، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی سەرماوەز (٢٢ی نۆڤامبەر)، ئەم کۆڵبەرە کە لە لای سکەوە کەوتبووە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و بریندار ببوو، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە گیانی لە دەست داوە.

شەوی ڕابردوو دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە دەسڕێژیان لێ کرا کە لە ئەنجامدا ئەسعەد حەسەنپوور، ٢٥ ساڵان و خەڵکی گوندی «جافرخان»ی سەقز، بە سەختی بریندار بووبوو.

لەچەند مانگی ڕابردوودا هەردوو ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە و نەوسوودی پارێزگای کرماشان، کوشندەترین ناوچە سنوورییەکان بۆ کۆڵبەران بوون.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە یەک مانگی ڕابردوودا دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و دوو کۆڵبەریش بە هۆی ڕەقبوونەوە بە سەرما و داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها لانیکەم ٧٥ کۆڵبەر لە ئەنجامی دەسڕێژ یاخود پەلامار و لێدانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان، بریندار بوون کە ٦ کەسیان منداڵن. دوو کۆڵبەریش بە تەقینەوەی مین لە ڕێگای کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و مەریوانی پارێزگای کوردستاندا بریندار بوون.