ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕێبەندان (١١ی فێبرییە) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی «سەرداو»ی بانە دەسڕێژیان لە گرووپێک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی ٢٠ ساڵان بە ناوی سەیوان سەحیحی کوژراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی یەکشەممە ٢٢ی ڕێبەندان (١١ی فێبرییە) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «سەرداو»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە بە هۆی ئەم دەسڕێژەوە کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی سەیوان سەحیحی پێکراوە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە ٢٠ ساڵەیەی خەڵی گوندی «بلکە»ی بانە دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا چوار کۆڵبەر بە ناوەکانی ئەحمەد سادقی، شۆڕش خەرگووشی، میرزا ئەحمەدی و سادق میرزایی لە ناوچە سنوورییەکانی بانەی پارێزگای کوردستان و نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراون.