شەوی ڕابردوو ٢٤ی ڕەشەمە (١٤ی مارس) عەتا حسەینی، کۆڵبەری خەڵکی پاوە کە پێشتر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بریندار ببوو، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان گیانی لە دەست دا. هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەشەمە (١٣ی مارس) تەرمی کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی محەممەد گەنجە کە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی «پەتکێ»ی پیرانشار کوژرابوو، لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزرایەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، عەتا حسەینی، کۆڵبەری ٣٢ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی «بڵبەزان»ی پاوە، ڕۆژی ١٦ی ڕەشەمە (٦ی مارس) بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بە سەختی بریندار بوو. ئەم کۆڵبەرە کە تووشی مەرگی مێشک ببوو لە نەخۆشخانەی قودسی پاوەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان و شەوی ڕابردوو بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەشەمە (١٣ی مارس) تەرمی کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی محەممەد گەنجە کە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی «پەتکێ»ی پیرانشار کوژرابوو، دوای دوو ڕۆژ گەڕان لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزرایەوە. ئەم کۆڵبەرە ٣٥ ساڵەیە کە باوکی منداڵێک بوو، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەمە (١١ی مارس) لە کاتی کۆڵبەریدا بزر بووبوو. خەڵکی ناوچەکە کەوتنە گەڕان بە دوای ئەم کۆڵبەرەدا و دوای ٢ ڕۆژ هەر لەم ناوچە سنوورییەدا تەرمەکەیان دۆزییەوە. هێزە سنوورپارێزەکان دوای ئەوەی محەممەد گەنجەیان کوشتبوو تەرمەکەیان لە هەمان شوێندا بەجێ هێشتبوو.