لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی «بێستوون»ی پارێزگای کرماشان و گوندی «جانداران»ی مەهابادی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بە تەقینەوەی مین بریندار بوون.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته‌ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی ڕەزبەر بە هۆی تەقینەوەی مینێکەوە لە پادگانێکی چۆڵکراوی گوندی جاندارانی ناوچەی خەلیفانی شاری مەهاباد، شوانێک لە قاچی ڕاستەوە بریندار بووە.

بەخشداری خەلیفان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵنێریی «هاژە» وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، ئەوەشی وتووە کە تا ئێستا مینەکانی ٣ پایەگای گوندی جاندارانی ناوچەی مەنگوڕی ڕۆژهەڵات هەڵ نەگیراوەتەوە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی ڕەزبەریش هاووڵاتییەکی گوندی «زمکان»ی سەلاسی باوەجانی بە ناوی ئارام ئەحمەدی بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە تەنیشت پادگانێکی ئەرتەش لە نزیک شاری بێستوونی پارێزگای کرماشان، بریندار بووە. ئەم هاووڵاتییە کە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی کرماشان کراوە، پێدەچێ ئەندامێکی لەشی ببڕدرێتەوە.