لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی زانیار و ئازاد لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان و تەقینەوەی مین بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە دەستی هێناوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی گەڵاڕێزان شوانێکی خەڵکی گوندی «سپیدار»ی سەردەشت، لە کاتی لەوەڕاندنی ڕانەکەیدا لە نزیک پادگانێکی چۆڵکراودا لە دەوروبەری گوندی سنووریی زەڵێ، بە تەقینەوەی مین بریندار بووە. ناوبراو بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی ورمێ کراوە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو ٧ی گەڵاڕێزان شوانێکی خەڵکی گوندی «دۆڵەتوو»ی سەردەشت بە ناوی ئازاد لە کاتی لەوەڕاندنی ڕانەکەیدا لە نزیک پادگانێکی سنووری، کەوتۆتە بەر تەقەی هێزەکانی ئەو بنکەیە و گوللە بەر قاچی کەوتووە و بریندار بووە. ناوبراو بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی سەردەشت کراوە.