تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە شەوی ڕابردوو ٢ی ڕەشەمە، سێ کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت بە ناوەکانی کیانووش ڕەئووفی ٢٤ ساڵان، فواد بیتووشی و ئامانج لە ڕێگای کۆڵبەریدا لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە بە تەقینەوەی مین بریندار بوون.

ئەم سێ کۆڵبەرە بە یارمەتیی ژمارەیەک کۆڵبەری تر لە دۆخی سەختی کوێستاندا گوازراونەتەوە بۆ گوندێکی ئەو ناوە و پاشان براونەتە نەخۆشخانەی شاری بانە.

هاوکات کۆڵبەرێکی لاوی دیکە بە ناوی ئەرکان مەحموودی لە ناوچەی سنووریی «سۆفی جانەی شۆشمێ»ی نەوسوود بە هۆی تەقینەوەی مینی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراقەوە بە قورسی بریندار بووە. ناوبراو لە حاڵێکدا کە لە قاچی ڕاستەوە بە قورسی بریندار ببوو ڕەوانەی نەخۆشخانەی پاوە کراوە.

ئەم کۆڵبەرە ٢٥ ساڵەیەی خەڵکی گوندی میرعەبدولی ناوچەی «باینگان»ی پاوە لەبەر بێکاری و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی پەنای بردبووە بەر کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود.