بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «کوران»ی ورمێ بە ناوی مریەم عەزیزوەند کە چەند ڕۆژ لەمەوپێش لەگەڵ منداڵەکەیدا بە ناوی ڕوناهی خودایی بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار ببوو، لەبەر قورسبوونی برینەکانی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەک لە شاری تەبرێز کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جولای) منداڵێکی ١٠ ساڵان بە ناوی ڕوناهی خودایی لە کاتی یاریکردندا لە نزیک سەربازگەی سپای پاسدارانی گوندی کوران مینێکی دۆزیبۆوە. ئەم منداڵە بەبێ ئەوەی بزانێت ئەوەی دۆزیویەتەوە مینە، ویستبووی وەکوو ئاسنە کۆنە بیفرۆشێت.

پاش ئەوەی مریەم عەزیزوەندی دایکی ئەم منداڵە لە بوونی مینێک لە ماڵەکەدا ئاگادار دەبێتەوە، لە منداڵەکەی نزیک دەبێتەوە و لەپڕ مینەکە دەتەقێتەوە و هەردووکیان بریندار دەبن.

مریەم عەزیزوەند و منداڵەکەی ڕوناهی خودایی کە بە هۆی تەقینەوەکەوە بە قورسی بریندار ببوون، سەرەتا ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی ورمێ کرابوون.