بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی گەلاوێژ (١٨ی ئاگۆست) کۆڵبەرێک بە ناوی «مەحموود عوسمانیی جەنگەسەر» بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان بە قورسی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرەی خەڵکی گوندی «جەنگەسەر»ی سەڵماس لەم تەقینەوەیەدا پێیەک و هەردوو چاوەکەی لەدەست داوە.

دەوترێت بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرە لەبەر هەژاری و دەستکورتی توانای گواستنەوەی ناوبراویان بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی شاری تەبرێز نییە و ئەم کۆڵبەرە بریندارە تا ئێستایش هەر لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانەدایە. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەمپەینێک لە لایەن چالاکانی مەدەنییەوە بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیی ماڵی بۆ هەناردنی ئەم کۆڵبەرە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی تەبرێز دەستی پێ کردووە.

پێشتر تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو کە لە ئێوارەی ٢٦ی گەلاوێژ (١٧ی ئاگۆست) هەر لەم ناوچە سنوورییەدا منداڵێکی کۆڵبەر بە ناوی ئامانج ئازەرپوور لە کاتی کۆڵبەریدا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بە قورسی بریندار بووە.