بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی خەرمانان (١٥ی سێپتامبر) بە هۆی تەقینەوەی کۆمەڵێک تەقەمەنیی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراقەوە لە گوندی «گراویان»ی شاری گیلانی ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان، هاووڵاتییەکی ٣٢ ساڵان بە ناوی ڕەزا ئاقایی کوژراوە و شەکەر ئەحمەدی، دایکە ٦٥ ساڵانەکەی ئەم هاووڵاتییەیش بە قورسی بریندار بووە.

دەوترێت ڕەزا ئاقایی دوای ئەوەی گوللەهاوەنێکی دۆزیوەتەوە ویستوویەتی دەسکاریی بکات و وەک ئاسنەکۆنە بیفرۆشێت.
دەوترێت دۆخی شەکەر ئەحمەدی دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە ناجێگیرە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ١٤٠٠دا (٢٠٢١) بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی جەنگییەوە لانیکەم ٩ هاووڵاتی و ٢ فەرمانبەری ئیداری مینهەڵگرتنەوە کوژراون و ٢٦ کەسیش بریندار بوون و لە هەندێ حاڵەتدا ئەندامێکی جەستەیان لەدەست داوە. لانیکەم ٦ منداڵ لە نێو قوربانییەکاندا بوون.