ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی جۆزەردان (١٧ی ژوەن) لە ڕووداوێکی تەقینەوەی تەقەمەنیی سەربازیی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراقدا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی «زەلێ»ی بانە بە ناوی هادی غونچەدۆست بریندار بوو و بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی جۆزەردان (١٧ی ژوەن) ئەم هاووڵاتییە سەرقاڵی دەسکاریکردنی کۆمەڵێک چەکوچۆڵی سەربازی بوو کە بووە هۆی تەقینەوەی و بە سەختی برینداری کرد. ئەگەرچی هادی غونچەدۆست پاش تەقینەوەکە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە، بەڵام بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ١٤٠٢دا لانیکەم ٢ کەس لە پارێزگای کرماشان و هاووڵاتییەکی خەڵکی بانەیش بە تەقینەوەی مین لە هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەست داوە. لانیکەم ١٢ کەسیش کە دوانیان منداڵ بوون، بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام بریندار بوون یان ئەندامی جەستەیان پەڕیوە.

هەندێ لەم مین و تەقەمەنییانە پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق و هێرشی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا (هەشتاکانی زایینی) بوون و هەندێکیشیان لە مانۆڕە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەم ساڵانەی دواییدا بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوەی هێزەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان لە ناوچەکەدا چێنرابوون.